رووداو دیجیتاڵ
بڕیارەکەی حکومەتی تورکیا بۆ زیادکردنی مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینان، کاردانەوەی پارتەکانی ئۆپۆزیسیۆن و سەندیکاکانی بەدواداهات.
سەرۆککۆماری تورکیا رۆژی دووشەممە مزگێنیی دا بە زیادکردنی مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینان و رایگەیاند، کەمترین مووچەی خانەنشینیان لە 1500 لیرەوە بۆ 2500 لیرە بەرزدەکرێتەوە و جەختیکردەوە، رێگە نادەن هاووڵاتییانی توررکیا باجی بەرزیی هەڵاوسان بدەن. ئەردۆغان باسی لە زیادبوونی کەمترین مووچەی فەرمانبەرانیش کرد کە بە رێژەی 30.5% بەرزکراوەتەوە.
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا رایگەیاند، "بە زیادکردنی مووچەی فەرمانبەرەکانمان بە رێژەی 30.5%، پشتیوانیی زیاتری کۆمەڵایەتیمان پێشکێش کردوون. بەپێی ئەم رێکارە نوێیە، ھیچ خانەنشینێکمان کەمتر لە 2500 لیرە مووچە وەرناگرێت".
سەرۆکی کۆنفیدراسیۆنی سەندیکای رەنجدەرانی تورکیا رۆژی سێشەممە لە ئەنقەرە رەخنەی لە دەسەڵات گرت و داوای زیاترکردنی مووچەی فەرمانبەر و خانەنشینانی کرد.
محەممەد بۆزگەیک، سەرۆکی کۆنفیدراسیۆنی سەندیکای رەنجدەران گوتی، "رەنجدەرانی کەرتی گشتی، بە دەستی حکومەتەکەی ئاکپارتی و سەندیکاکەیەوە زیاتر هەژار دەکرێن؛ هەموومان ئەمە دەبینین. هاوڕێ خانەنشینەکانیشمان بۆئەوەی وەکو مرۆڤ بتوانن بژین و گوزەرانیان مسۆگەر بکرێت، داوا دەکەین لانیکەم مووچەکانیان بۆ سنووری سەرووی هەژاری بەرزبکرێتەوە".
پارتەکانی ئۆپۆزیسیۆن داوا دەکەن کەمترین مووچەی خانەنشینی یەکسان بکرێت بە مووچەی ئەو کەسانەی بە کەمترین بڕە مووچە کار دەکەن کە بۆ ساڵی 2022 بە رێژەی 50.4% زیادکرا و بووە چوار هەزار و 253 لیرە و 40 قرووش.
سەرۆکی جەهەپە لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی پارتەکەی لە پەرلەمان بەهۆی زیادکردنی باج رەخنەی لە دەسەڵات گرت.
کەمال کڵچدارئۆغڵو، سەرۆکی جەهەپە رایگەیاند، "دەبێت بانگەوازێکیش لە ئەردۆغان بکەین، بۆ خاتری خودا، شتێک رابگەیێنە کە باجت نەخستبێتەسەر. بۆ نموونە بڵێ، باجمان نەخستووەتە سەر ئەم شتە. ناتوانێت رایبگەیێنێت، بەڵام با من سەرەداوێکتان بدەمێ، ئەو هەوایەی هەڵیدەمژین لە ئێستادا باجی نەخراوەتەسەر، لەم خاڵەدا تێپەڕبووین".
بەهۆی بەرزیی هەڵاوسان لە تورکیا کە 36%ی تێپەڕکردووە، توانای کڕینی خەڵک رۆژ لەدوای رۆژ لاوازتر دەبێت.
هەرچەندە حکومەتی تورکیا لەڕێگەی گرتنەبەری کۆمەڵێک رێکارەوە هەوڵی هاوسەنگکردنی دۆخەکە دەدات، بەڵام ئەو هەنگاوانە ژیانی خەڵکی لەو وڵاتەدا ئاسایی نەکردووەتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ