ئاكشەنەر: سەرۆككۆماری داهاتووی توركیا لە هاوپەیمانیی میللەت دەبێت

04-01-2022
هێمن عەساف
نیشانەکردن تورکیا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
سەرۆكی ئیی پارتی رایگەیاند، سەرۆككۆماری داهاتووی توركیا بەربژێرێكی هاوپەیمانیی میللەت دەبێت و دەشڵێت: "لە تورکیا وەزیر هیچ دەسەڵاتێکی نییە و هەموو بڕیارەکان لەلایەن یەک کەسەوە دەدرێن".
 
مەرال ئاكشەنەر، سەرۆكی ئیی پارتی و كەمال كڵچدارئۆغڵو، سەرۆكی جەهەپە لە پارێزگای مەرسین بەشدارییان لە رێوڕەسمی كردنەوەی هێڵێكی نوێی میترۆدا کرد. لە رێورەسمەكەدا مەرال ئاكشەنەر گوتارێكی پێشكێشكرد و رایگەیاند، 13یەمین سەرۆككۆماری توركیا بەربژێرێكی هاوپەیمانیی میللەت دەبێت. لە دەسەڵاتی ئێمەدا هەڵە ناكەین، بەندەكانی خوا بێبەش ناكەین لە مافەكانیان، هەركەسێك مافی تاكی ئەم وڵاتە بخوات، باجی زۆر قورس دەدات. 
 
ئاكشەنەر لەبارەی خراپی دۆخی ئابووریی توركیا گوتی: "لە ماوەی 24 مانگدا لە كۆی 81 شاری توركیا، سەردانی 79 شارم کردووە. هاووڵاتیان بەدەست ئەم دەسەڵاتەوە دەناڵێنن. لە هەموو شارێك گەنج بێكارە، جووتیار دەستەوسانە، پیشەگەر و كاسبكار نیگەرانن، ملیۆنان دەرچووی زانكۆ هەن بێكارن، كەچی لەم دەسەڵاتە گەندەڵكارەدا راوێژكار هەیە پێنج مووچە وەردەگرێت و وەك پاشا دەژیت". 
 
سەرۆكی ئیی پارتی لە گوتارەکەیدا هێرشی تووندی کردە سەر سەرۆککۆماری تورکیا و گوتی: "لەم سیستەمە سەیروسەمەرەیەی دەسەڵاتدا، وەزیر تەنیا فەرمانبەرە و هیچ بڕیارێكی لەژێردەستدانییە. هەموو بڕیارێك لەژێر دەستی تاكەكەسێكدایە. ئەو، هەموو شتێك دەزانێت و تەنیا بە واژۆی ئەو، هەموو كارێك دەكرێت. ئیدی ئەمە دۆخی وڵاتە، هەر كەسێك دەمی بكاتەوە، تۆمەتێك دەخرێتەپاڵی و سزا دەدرێت. تەنیا خەریكی بیردۆزی پیلانگێڕین. ئەوان دەڵێن بابەتەکە مان و نەمانی وڵاتە، لە كاتێكدا مەبەستەکە مان و نەمانی خۆیانە لە كورسیی دەسەڵات".
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە