هەپەگە ناسنامەی دوو بەرپرسە رفێنراوەکەی میت ئاشکرادەکات

رووداو - هەولێر

دوای تێپەڕبوونی پێنج مانگ به‌سه‌ر رفاندنی دوو به‌رپرسی میت له‌ ناوچه‌یه‌كی نزیك شارۆچكه‌ی دووكان له‌لایه‌ن گه‌ریلاكانی په‌كه‌كه‌وه‌، هێزه‌كانی پاراستنی گه‌ل "هه‌په‌گه‌" و میدیاكانی سه‌ر به‌ په‌كه‌كه‌، ناسنامه، وێنه و زانیارییه‌كانی ئه‌م دوو به‌رپرسه‌ بارمته‌كراوه‌یان بڵاوكرده‌وه‌. 

سه‌ره‌تای ئه‌م رووداوه‌، به‌ داخستنی نووسینگه‌ی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان له‌ ئه‌نقه‌ره‌ و دیپۆرتكردنه‌وه‌ی به‌هرۆز گه‌ڵاڵی، نوێنه‌ری یه‌كێتی له‌ توركیا ده‌ستیپێكرد، كاتێك به‌رپرسانی ئه‌و حیزبه‌ رایانگه‌یاند، توركیا باجی هه‌ڵه‌كه‌ی به‌ یه‌كێتی ده‌دات، خۆیان هه‌ڵه‌یان كردووه‌ و ده‌شیانه‌وێت به‌رپرسیاریێتی ئه‌و هه‌ڵه‌یه‌ بخه‌نه‌ ئه‌ستۆی یه‌كێتیی. 

مه‌ولوود چاوشئۆغڵو، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی توركیا له‌ سه‌ره‌تادا نكوڵی له‌ بڵاوبوونه‌وه‌ی هه‌واڵی رفاندنی ئەو دوو كارمه‌ندە باڵایەی میت كرد و، ویستی په‌رده‌پۆشی بكات، له‌ وه‌ڵامی چه‌ند پرسیارێكیشدا به‌درۆی خسته‌وه‌، به‌ڵام راگه‌یاندنه‌كانی پێ كۆنترۆڵ نه‌كرا و پرسه‌كه‌ كه‌وته‌ گۆڕه‌پانی ئۆپۆزیسیۆنی دایك كه‌ پارتی گه‌لی كۆماری توركیا "جه‌هه‌په‌"ـیه‌.

دوای ئەوەی جەهەپە پرسه‌كه‌ی وروژاند و داوای لێكۆڵینه‌وه‌ی له‌ هۆكار و چۆنیێتی رفاندنی ئه‌و دوو كارمه‌نده‌ باڵایه‌ی ده‌زگای هه‌واڵگری میت کرد، هه‌روه‌ها جه‌ختیان له‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ 20 كارمه‌ندی رفێندراو و به‌بارمته‌كراوی میت له‌ژێر ده‌ستی په‌كه‌كه‌دان. 

تونجاى ئۆزكان، په‌رله‌مانتاری جه‌هه‌په‌ گوتی "راسته‌وخۆ پرسیار له‌ راوێژكار و جێگری راوێژكاری میت ده‌كه‌م: ئێوه‌ تیمی ئۆپه‌راسیۆنی تایبه‌تیتان بۆ ده‌ستگیركردن و كوشتنی به‌رپرسه‌ باڵاكانی په‌كه‌كه‌ نارده‌ ده‌ره‌وه‌ی وڵات؟ بۆچی له‌م ئۆپه‌راسیۆنانه‌دا چوار كارمه‌ندی باڵا كه‌ هه‌ر چواریان به‌رپرسی فه‌رمانگه‌ی تایبه‌ت بوون له‌لایه‌ن په‌كه‌كه‌وه‌ رفێندران و بارمته‌كران؟ بۆچی ئه‌م پرسه‌تان به‌كۆمیسیۆنی تایبه‌تی په‌رله‌مانی توركیا رانه‌گه‌یاند؟ به‌ نووسراو پرسیارمان ئاراسته‌ كردن، به‌ڵام وه‌ڵامیان نه‌داینه‌وه‌. ده‌مانه‌وێت بزانین، ئه‌و كارماندانه‌مان كه‌ی و له‌ كوێ و له‌ چ ئۆپه‌راسیۆنێكدا ده‌ستگیركران؟ ده‌مانه‌وێت بزانین میت له‌ كوێ و چۆن هه‌ڵه‌ی كردووه‌؟". 

میدیاكانی په‌كه‌كه‌ رایانگه‌یاندووە، دوو كارمه‌نده‌ رفێندراوه‌كه‌ 20 ساڵە ئه‌ندامی میتن و به‌رپرسی فه‌رمانگه‌ی تایبه‌تن، دانیانناوە بە زانیاری زۆر ورد له‌باره‌ی چالاكییه‌كانی میت، هەروەها كوشتنی چوار به‌رپرسی په‌كه‌كه‌یان له‌ پاریس ئاشکرا کردووە، کە ئەویش پرسی کوشتنی ساكینه‌ جانسز و هاوڕێیه‌كانییه‌تی لە ساڵی 2013.

 
  

پێداچوونەوە: هەڵات رێبوار