هاوسەرۆکی دەم پارتی بۆ پەیامنێری رووداو: ئەو هێرشەی لە دژت کرا قبوڵی ناکەین
رووداو دیجیتاڵ
هاوسەرۆکی دەم پارتی، هێرشکردنە سەر پەیامنێری رووداو لە ئیستەنبووڵ لەلایەن کادرێکی دەبەپە سەرکۆنە دەکات و دەڵێت، قبوڵکراو نییە، ئەندامەکەی دەبەپە ئاگادار دەکەنەوە.
رۆژی چوارشەممە دووی تشرینی یەکەم لە شاری ئیستەنبووڵ، کادرێکی هەرێمی یەکی پارتی هەرێمە دیموکراتەکان (دەبەپە) هێرشی کردە سەر راوین ستێرک، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو کە بەدواداچوونی بۆ هەواڵێک دەکرد.
لە کاتی رووداوەکەدا، تیمەکانی پۆلیس رێگریان لە هێرشکارەکە کرد و نەیانهێشتووە گرژییەکە تەشەنە بکات. ئەو هێرشە کاردانەوەی لێکەوتەوە و چەند بەرپرس و رێکخراوی تایبەت بە رۆژنامەڤانان سەرکۆنەیان کرد.
بەیانیی ئەمڕۆ (پێنجشەممە) تونجەر باکرهان، هاوسەرۆکی دەم پارتی لە پەیامێکی تایبەتدا کە لە رێگەی تۆڕی کۆمەڵاتییەوە بۆ راوین ستێرکی ناردووە، نووسیویەتی "ئەو (کادرەکەی دەبەپە) رێبازێکی گرتەبەر کە ئێمە پەسندمان نییە. بێگومان قبوڵ ناکرێت و ئاگادار دەکرێتەوە."
هەر دوای رووداوەکە، مەولوود ئایکۆچ، بەرپرسی هەرێمی مارماڕای دەبەپە لە پەیوەندییەکیی تەلەفۆنیدا داوای لێبووردنی لە راوین ستێرک کرد و پێیڕاگەیاند، ئەم هەڵوێستە قبوڵ ناکەن و هۆشداری پێویست دەدەنە ئەندامەکەیان.
پێنجشەممە موراد کاڵماز، هاوسەرۆکی ئیستەنبووڵ ـی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی)، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا بەهەمان شێوە داوای لێبووردنی لە راوین ستێرک کرد و پێیڕاگەیاند ئەم هەڵوێستە قابیلی قبوڵ نییە، ئەوەی پێویست بێت دەیکەن.
هاوسەرۆکی گشتیی کۆمەڵەی یاسانانی ئازادیخواز لە ئیستەنبووڵ، بەیانیی ئەمڕۆ بە تەلەفۆن قسەی لەگەڵ راوین ستێرک کرد و پێیڕاگەیاند، وەک یاساناسان ئەوەی روویداوە قبوڵی ناکەن، ژمارەیەک لە پارێزەرانی ئەندامی کۆمەڵەکەیان کە لەوێ بوون لە کاتی هێرشەکەدا، دەستوەردانیان کردووە و رێگریان لە تەشەنەسەندنی گرژییەکە کردووە.
لەلایەکی دیکەوە، دەستەی بەڕێوەبەری کۆمەڵەی رۆژنامەڤانانی باشووری رۆژهەڵات لەبارەی هێرشەکە راگەیێندراوێكی بڵاوکردووەتەوە و دەڵێ: "لەکاتێکدا راوین ستێرک یڵدز، ئەندامی کۆمەڵەی رۆژنامەڤانانی باشووری رۆژهەڵات و پەیامنێری رووداو تیڤی لە ئیستەنبووڵ، لەبەردەم پەیمانگای دادپزیشکیی ئیستەنبووڵ بەدواداچوونی بۆ هەواڵ دەکرد، لەلایەن کەسێکەوە هێرشی زارەکی و جەستەیی کرایە سەر و رێگری لێ کرا."
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، "رادەی هێرش و بەربەستەکان بۆ سەر تیمەکانی تەلەڤیزیۆنی رووداو لەلایەن کەسانێکەوە کە بە پێکهاتە سیاسییە جیاوازەکان ناسراون، جێگەی نیگەرانییە. هەرچەندە دەزانین هێرش و بەربەستەکان لەلایەن کەسانێکەوە دەکرێن، کە مەیلی سیاسی دژ بەیەکیان هەیە، بەڵام ئاگادارین کە ئامانجی سەرەکیی هێرشەکان ئازادیی رۆژنامەگەری و ئازادیی بیرکردنەوە و رادەربڕینن."
کۆمەڵەی رۆژنامەڤانانی باشووری رۆژهەڵات، سەرکۆنەی هێرشەکەی کردووە و رایگەیاندووە "هێرش و رێگرییەکان بۆ سەر تیمەکانی تەلەڤیزیۆنی رووداو کە لە مەیدانەکەدا کاردەکەن، لە ئەنجامی ئیستفزازی هەندێک کەس و گرووپ، بە تووندی سەرکۆنە دەکەین، داوا لە هەموو لایەنەکان دەکەین رێزی رۆژنامەڤانان بگرن و بە هۆشیارییەوە مامەڵە بکەن."
لە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوی کۆمەڵەکەدا هاتووە "بەرپرسیاری بچووکترین رووداوی نەرێنی، ئەوانە دەبن کە بەبێ بنەما تەلەڤیزیۆنی رووداو دەکەنە ئامانج. لەم کاتەدا جارێکی دیکە هەموو تاک و گرووپەکان ئاگادار دەکەینەوە، واز لە بەئامانجگرتنی هاوڕێکانمان بهێنن."
کۆمەڵەی رۆژنامەڤانانی باشووری رۆژهەڵات راشیگەیاندووە "هەر هێرشێک بۆ سەر رۆژنامەڤانان، هێرشە بۆ سەر ئازادیی زانیاریی گشتی و هەرگیز قبوڵ ناکرێت. رای گشتی ئاگادار دەکەینەوە، بەدواداچوون بۆ ئەم هێرشە نادادپەروەرە دەکەین، کە دەکرێتە سەر ئەندامەکەمان و لە نزیکەوە چاودێریی پرۆسەکە دەکەین بۆ لێپرسینەوە لە بەرپرسان."
کۆمەڵەی رۆژنامەڤانانی کوردستانیش هێرشکردنەسەر پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداوی لە ئیستەنبووڵ شەرمەزار کرد.
کۆمەڵەکە رایگەیاندووە "هێرش و بەربەستی سەر رووداو، هێرشی یەکەم نییە و دواجاریش نابێ ئەگەر بەم بیرکردنەوەیە بەردەوام بن. چەند ساڵێک لەمەوبەر لەسەر ئەو بابەتانە رەخنە و سەرکۆنەی خۆمان بۆ بەرپرسەکانیان دەربڕی. بەڵام دەبینین ئەم هێرشە سیستماتیکیانە بەردەوامن."
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، "لە گرتە ڤیدیۆییەکاندا دیارە ئەو کەسانەی بە کامێرای هێزە ئەمنییەکان بێزار نین، بە راگەیاندنی کورد بێزارن. بە هێزە ئەمنییەکان دەڵێن 'ئەوان پۆلیسن و کاری خۆیان دەکەن'، بەڵام لەبیریان دەچێت کە رۆژنامەڤانیش لەوێ کاری خۆیان دەکەن. رەنگە سیاسەتی رووداو پەسند نەکەن، بەڵام کەس ناتوانێت هێرش بکاتە سەر میدیای کوردی."