رووداو دیجیتاڵ
سەرۆککۆماری تورکیا دەڵێت، ئەگەر دوو هێرشکارەکەی ئەنقەرە نەکوژرابان و خۆیان بگەیاندبایەتە دەرەوەی تورکیا، وەکو پەنابەری سیاسی وەردەگیران و رادەستی ئەنقەرە نەدەکرانەوە.
لە گوتارێکیدا کە رۆژی سێشەممە، 3-10-2023، لە ئەنقەرە پێشکێشی کرد، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا باسی لەو هێرشە کرد کە رۆژی یەکشەممە، 1-10-2023 کرایە سەر وەزارەتی ناوخۆ و بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایش و رایگەیاند، ئەو دوو هێرشکارە لە پارێزگایەکی دیکەی تورکیا (کایسەری)، هاووڵاتییەکیان کوشت و بە ئۆتۆمبیلەکەی ئەو خۆیان گەیاندە ئەنقەرە.
لە رووداوەکەدا یەکێک لە هێرشکارەکان خۆی تەقاندەوە و ئەوی دیکەش کوژرا.
ئەردۆغان رووی دەمی کردە وڵاتانی رۆژئاوا و گوتی، "ئەگەر ئەو دڕندانە نەکوژرابان و هەڵاتبان بۆ دەرەوەی وڵات، لەلایەن کەسانێکەوە لەژێر ناوی پەنابەری سیاسی دەپارێزران و دەکرانە تاجی سەر. بەشێک لەو دۆستانەمان کە ئەمڕۆ کردە تیرۆریستییەکە سەرکۆنە دەکەن، بەداخەوە ئەو کات بە ئەگەرێکی زۆر بەهێزەوە وەڵامی ئەرێنیی داواکاریی ئێمەیان بۆ رادەستکردن نەدەدایەوە".
هەر رۆژی یەکشەممە، پارتی کرێکارانی کوردستان - پەکەکە هێرشەکەی لەئەستۆ گرت. میدیای نزیک لە پەکەکە بڵاویکردەوە کە دەیانتوانی بە گۆڕینی کات و شوێنی چالاکییەکە ئەنجامی جیاواز بدەن بەدەستەوە، بەڵام خۆیان ویستوویانە بەو شێوەیە پەیامێک بە ئاکپارتی و مەهەپە بدەن.
دەقی قسەکانی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا:
"لەگەڵ کرانەوەی پەرلەمانمان، تەقینەوەیەکی نەفرەتی کرا. لە سایەی چالاکیی خێرای پۆلیسمان، تیرۆریستەکان پێش ئەوەی بە ئامانجەکانیان بگەن، کوژران، بەڵام ئەوەش دەزانین کە ئەگەر ئەو دڕندانە نەکوژرابان و هەڵاتبان بۆ دەرەوەی وڵات، لەلایەن کەسانێکەوە لە ژێر ناوی پەنابەری سیاسی دەپارێزران و دەکرانە تاجی سەر. بەشێک لەو دۆستانەمان کە ئەمڕۆ کردە تیرۆریستییەکە سەرکۆنە دەکەن، بەداخەوە ئەوکات بە ئەگەرێکی زۆر بەهێزەوە وەڵامی ئەرێنیی داواکاریی ئێمەیان بۆ رادەستکردن نەدەدایەوە".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ