رووداو دیجیتاڵ
کاسبکارانی بازاڕی بەقەڕ لە مێردینی باکووری کوردستان، هەموو رۆژانی یەکشەممە بەیانییان نزا دەکەن و دواتر دووکانەکانیان دەکەنەوە و دەست بە کاری رۆژانەیان دەکەن. مێردینییەکان دەڵێن، نەریتی نزا مێژوویێکی کۆنی هەیە.
فاتیح یڵماز، پێشنوێژ و گوتارخوێن دەڵێت، "ئەم نەریتە لەبیرکرابوو و، وازی لێهێندرابوو، سوپاس بۆ خوا ئێمە جارێکی دیکە زیندوومان کردەوە. هیوادارین ئەمە لە بازاڕی تەواوی شارەکانی دیکە بڵاوببێتەوە".
نزای بەیانییان لە بازاڕەکانی بەقەڕ، قەیسەری و حەسەن عەمار کە بازاڕی مێژوویین، دەکرێت. دوای نزاکان، پێشنوێژ و گوتارخوێنی مزگەوتی شیرین دەدە کورتە گوتارێکیش پێشکێش دەکات. لەو گوتارەدا باس لەو ئایەت و فەرموودانە دەکرێت کە جەخت لە رەوشتی کاسبکار و مامەڵەی حەڵاڵ دەکەنەوە.
فاتیح یڵماز، پێشنوێژ و گوتارخوێن باس لەوەش دەکات، "بازاڕەکان وەکو دڵی شارێک یان شارۆچکەیەکن. گەشتیاران و ئەوانەی لە دەرەوەی شار و وڵات دێن، سەرەتا چاویان بە کاسبکاران دەکەوێت، کاسبکاران چەندە بە رەوشت بن، ئەو خەڵکە کاتێک ئێرەیان جیهێشت دەڵێن خەڵکی ئەو شارە ئەوەندە رەوشتبەرزن و خەڵکەکەی ئەوەندە پاکن".
کاسبکاران دڵخۆشیی خۆیان بۆ زیندووکردنەوەی نەریتی نزای بە کۆمەڵ نیشاندەدەن، بەشێکیان دەڵێن، ساڵانی زوویان بەبیردێتەوە.
حوسێن ئۆلگاچ، کاسبکار گوتی، "جاران ئەمە هەبوو، دوای دەرچوون لە نوێژی بەیانی، خەڵک دەهاتنە ئێرە و نزایان دەکرد. بەساڵاچووانمان دوای نوێژی بەیانی نزایان دەکرد ئینجا دووکانەکانیان دەکردەوە. خوا لەم مامۆستایەمان رازی بێت، ماوەی 4-5 ساڵە هەموو بەیانییانی یەکشەممە نزای بە کۆمەڵ دەکەین و دووکانەکانمان دەکەینەوە".
بەپێی گێڕانەوەکان، مێژووی نەریتی نزای بەکۆمەڵ بۆ زیاتر لە 600 ساڵ لەمەوبەر دەگەڕێتەوە، مێردینییەکان دەڵێن، شانازییە بۆ شارە فرەکولتوور و فرەئایینەکەیان دەنگ و سەدای نزاکان لە بازاڕەکانیدا بەرز دەبێتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ