وەزیری ناوخۆی تورکیا: دەستبەسەر 1.5 تۆن مادەی هۆشبەردا گیرا

13 کاژێر له‌مه‌وپێش
هێمن عەساف
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ
 
وەزیری ناوخۆی تورکیا دەڵێت، لە ئۆپەراسیۆنێکی هاوکات و بەرفراوانی هێزە ئەمنییەکاندا لە دوو پارێزگای تورکیا دەستبەسەر یەک تۆن و 549 کیلۆگرام مادەی هۆشبەردا گیرا.
 
ئەمڕۆ شەممە 3ی ئابی 2024 عەلی یەرلیکایا، وەزیری ناوخۆی تورکیا رایگەیاند، هێزەکانی جەندرمە و ئاسایش بە هاوئاهەنگیی هێزەکانی بەرەنگاربوونەوەی مادەی هۆشبەر ئۆپەراسیۆنێکی هاوکاتیان لە هەردوو پارێزگای ئیستەنبووڵ و یالۆڤا بۆسەر بازرگانانی مادەی هۆشبەر ئەنجامدا.
 
عەلی یەرلیکایا دەڵێت، لە ئۆپەراسیۆنەکاندا دەستبەسەر یەک تۆن و 549 کیلۆگرام مادەی هۆشبەر لە جۆری مێتامفێتامین، 50 کیلۆگرام حەبی کریستاڵ و 77 کیلۆگرام کۆکاییندا گیرا و دەرکەوت مادە هۆشبەرەکان لە ئێرانەوە گەیێندراونەتەوە تورکیا و لە هەوڵدا بوون بیگوازنەوە دەرەوەی تورکیا.
 
وەزیری ناوخۆی تورکیا ئاماژە بەوەش دەکات، لە ئۆپەراسیۆنەکەدا 8 کەس دەستگیر کران کە چوار کەسیان هاووڵاتیی ئێرانی بوون.
 
یەرلیکایا باسی لەوەش کرد، ئۆپەراسیۆنەکان بە بەشداریی 475 کارمەندی هێزە ئەمنییەکان ئەنجامدرا کە بەسەر 81 تیم دابەشکرابوون؛ هەروەها دوو هێلیکۆپتەر و 16 سەگی راهێنراو لە دۆزینەوەی مادەی هۆشبەردا سوودیان لێ وەرگیرا.
 
وەزیری ناوخۆی تورکیا دەشڵێت، "ژمارەیەک چەکی بێمۆڵەتیش دەستیان بەسەرداگیرا."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە