تورکیا فڕۆکەی F35 دروستدەکات
رووداو دیجیتاڵ
تورکیا ئامادەکاری بۆ بەرهەمهێنانی فڕۆکەی جەنگی دەکات و یەکەمین فڕینی فرۆکەکەش بە مەکینەی F16 دەبێت و دواتریش خۆی مەکینەکە دروست دەکات.
بەگوێرەی میدیاکانی تورکیا، دوای ئەو قەیرانەی لەگەڵ ئەمڕیکا بەهۆی کڕینی S-400 لە رووسیا رووبەرووی بووەوە و دەرکردنی لە بەرنامەی F35 ، تورکیا ئامادەکاری بۆ بەرهەمهێنانی فڕۆکەی جەنگی دەکات. چاوەڕوان دەکرێ یەکەمین فڕینی ئەو فڕۆکەیە بە مەکینەی F16 لە ساڵی 2023دا بکرێت.
تەمەل کۆتیل، بەڕێوەبەری گشتیی پیشەسازیی بۆشایی ئاسمان و فڕۆکەوانی تورکیا دەڵێت: یەکەمین فڕین لە 18ی ئاداری 2023 بە مەکینەی F16 دەکەین، دواتر مەکینەی خۆماڵی بەرهەمدێنین. لەوێدا پێویستیمان بە بەکارهێنانی تیتانیۆم هەیە".
تەمەل کۆتیل ئاماژەی بەوەداوە، مۆدێرنترین تەکنەلۆژیا لە دروستکردنی فڕۆکەکەدا بەکاردەهێنن و راهێنانیش بە ئەندازیارەکانیان دەکەن.
بەڕێوەبەری گشتیی پیشەسازی بۆشایی ئاسمان و فڕۆکەوانی تورکیا هەروەها رایگەیاند، لە ساڵی 2029دا فڕۆکەی جەنگیی لە ئاست F35ی ئەمریکی، رادەستی هێزە سەربازییەکانی وڵاتەکەیان دەکەن.
میدیاکانی تورکیا ئاماژە بەوە دەدەن، کۆمەڵگەی ئەندازیاریی سەر بە بەڕێوەبەری گشتیی پیشەسازی بۆشایی ئاسمان و فڕۆکەوانی تورکیا تایبەت بەو فڕۆکەیە گەیشتووەتە قۆناخی کۆتایی لە دروستکردنی ئەو فڕۆکە خۆماڵییەدا.
کۆمەڵگە ئەندازیارییەکە کۆمەڵگەیەکی داخراوە، لەسەر رووبەری 63 هەزار مەتر چوارگۆشە دروستکراوە، سێ هەزار ئەندازیاریش لە کۆمەڵگەکەدا کاردەکەن.