رووداو دیجیتاڵ
دوای بردنەوەیان لە هەڵبژاردەی نەمسا، یاریزانێکی هەڵبژاردەی تورکیا بە پەنجەکانی ئاماژەی گورگەبۆرـی کرد. ئەمەش کاردانەوەی زۆری لێکەوتەوە، حکومەتی ئەڵمانیا بانگهێشتی باڵیۆزی تورکیا لە بەرلین کرد و دوای سەرکۆنەکردنی، داوا دەکات لێکۆڵینەوە لەگەڵ ئەم یاریزانەدا بکرێت.
شەوی رابردوو، 2ـی تەممووزی 2024، لە چوارچێوەی یارییەکانی یۆرۆ 2024 کە لە ئەڵمانیا بەڕێوەدەچن، یاریی قۆناخی 16 لەنێوان هەڵبژاردەی تورکیا و نەمسا کرا، یارییەکە بە بردنەوەی هەڵبژاردەی تورکیا بە دوو گۆڵ بەرامبەر یەک گۆڵ، کۆتاییهات.
دوای یارییەکە، یاریزانانی هەڵبژاردەی تورکیا بەبۆنەی بردنەوەیان و چوونیان بۆ قۆناخی 16، ئاهەنگیان گێڕا. یاریزان مەریهـ دەمیرەل کە دوو گۆڵی لە هەڵبژاردەی نەمسا کرد، هەردوو دەستی بەرزکردەوە و ئاماژەی گورگەبۆرـی کرد.
ئاماژەی گورگەبۆرە، کە کێشەی بۆ هەڵبژاردەی تورکیا دروست کرد. بەهۆیەوە UEFA بڕیاریدا لێکۆڵینەوەی دیسپلینی لە دژی مەریهـ دەمیرەل بکاتەوە. نانسی فەیسەر، وەزیری ناوخۆی ئەڵمانیا ئەمڕۆ (چوارشەممە) سەرکۆنەی شێوازی ئاهەنگگێڕانەکەی دەمیرالی کرد، "گورگە بۆرەکان" بەچڕی لەژێر چاودێری دەزگا هەواڵگرییەکانی ئەڵمانیادان.
فەیسەر لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس بڵاویکردەوە "سیمبوولی گرووپە راستڕۆکانی تورکیا لەنێو یاریگەکانماندا جێگەی نابێتەوە". گوتیشی "بەکارهێنانی پاڵەوانییەتی تۆپی پێی ئەورووپا، وەکو پلاتفۆرمێک بۆ دەمارگیری بەهیچ شێوەیەک جێگەی قبوڵکردن نییە. چاوەڕوان دەکەین یوفا لێکۆڵینەوە لە کەیسەکە بکات و سزا بسەپێنێت."
ئەمڕۆ 3ـی تەممووزی 2024، وەزارەتی دەرەوەی فیدراڵی ئەڵمانیاش بانگهێشتی باڵیۆزی تورکیا بۆ وەزارەتەکە کرد و دوای سەرکۆنەکردنی، پێی راگەیاند کە لە پاڵەوانێتییەکەدا رێگە بەهیچ یاریزان و هەڵبژاردەیەک نادەن پەیامی سیاسیی بڵاوبکەنەوە.
لە بەرامبەردا، وەزارەتی دەرەوەی تورکیا هاتە سەر خەت و راگەیێندراوێکی لەمبارەیەوە بڵاوکردەوە. لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە بەهیچ شێوەیەک لێکۆڵینەوە لەگەڵ مەریهـ دەمیرەل، یاریزانی هەڵبژاردەی تورکیا لەلایەن UEFA قبووڵ ناکەن.
وەزارەتی دەرەوەی تورکیا ئەوەی وەبیر هەردوو وەزارەتی ناوخۆ و دەرەوەی ئەڵمانیا هێنایەوە، کە بەپێی راپۆرتی مانگی ئەیلوولی 2023ـی ئەنجوومەنی پاراستنی دەستووری ئەڵمانیای فیدراڵی، کە تێیدا هاتووە "مەرج نییە هەر کەسێک ئاماژەی گورگەبۆر بەرزبکاتەوە، ئەندامی گرووپی راستڕۆ تووندئاژۆکانی تورکیا بێت. هەروەها ئاماژەی گورگەبۆر تاوەکو ئێستا لە یاساکانی ئەڵمانیا قەدەخە نەکراوە، بۆیە ئەم کاردانەوە ناڕەوایانە تەنیا دژایەتیکردنی بیانییەکانە."
وەزارەتی دەرەوەی تورکیا بەرگریی لە یاریزانەکەی تورکیا دەکات و رایگەیاندووە "ئاماژەی گورگەبۆر، کە یاریزانی هەڵبژاردەی تورکیا کردوویەتی تەنیا بۆ خۆشی دەربڕین بووە دوای بردنەوەیان لە هەڵبژاردەی نەمسا و هیچ مەرامێک و پەیامێکی سیاسی لە پشت نەبووە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ