رووداو دیجیتاڵ
بەکاربردنی کارەبا لە تورکیا و باکووری کوردستان بەهۆی بەرزبوونەوەی پلەی گەرماوە 15% زیاد بووە.
دامەزراوەی گواستنەوەی کارەبای تورکیا (TEIAS) دەڵێت، بەهۆی گەرمای زۆرەوە لە حوزەیرانی ئەم ساڵدا بەکارهێنانی کارەبا گەیشتووەتە 28 ملیۆن و 556 هەزار و 804 مێگاوات.
وەکو TEIAS دەڵێت، لە حوزەیرانی ساڵی رابردوودا 24 ملیۆن و 873 هەزار و 787 مێگاوات کارەبا لە سەرانسەری تورکیا بەکارهێندرا بوو.
بەپێی دامەزراوەی 'ئەکیو وێزەر' کە تایبەتە بە پێشبینیی کەشوهەوا، حوزەیرانی رابردوو یەکێک لە گەرمترین مانگەکان بووە و ئەوەش وایکردووە خواست لەسەر کارەبا زیاد ببێت.
یەکەم رۆژی مانگی رابردوو پلەی گەرما لە بەشێک لە شارەکانی باکووری کوردستان و تورکیا 30 پلەی سیلیزی بوو؛ دواتر گەیشتە 42 پلە.
بەهۆی زیادبوونی خواستەوە، لە حوزەیرانی ئەم ساڵدا بەرهەمهێنانی کارەبا لە گازی سرووشتی 99% زیاد بووە و گەیشتووەتە 4 ملیۆن و 601 هەزار و 650 مێگاوات. هەمان مانگی ساڵی رابردوو بڕەکە 2 ملیۆن و 315 هەزار و 501 مێگاوات بووە.
جگە لە گاز، بەهۆی گەرماوە بەرهەمهێنانی کارەبا لە رێگەی وزەی با و پانێڵی هەتاویشەوە زیاد بووە.
بەپێی دامەزراوەی گواستنەوەی کارەبای تورکیا، مانگی رابردوو 3 ملیۆن و 226 هەزار و 93 مێگاوات لە رێگەی وزەی خۆرەوە بەرهەمهێنداوە. بەوەش بەراورد بە هەمان ماوەی 2023 رێژەکە 61% زیاد بووە کە ئەو کاتە 2 ملیۆن و 4 هەزار و 720 مێگاوات بووە.
هەروەها 3 ملیۆن و 36 هەزار و 992 مێگاوات کارەبا لە رێگەی وزەی باوە بەرهەمهێنراوە کە 34% زیاد بووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ