ئەردۆغان: چاومان لە خاکی هیچ وڵاتێک نییە

03-07-2024
هێمن عەساف
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆککۆماری تورکیا جارێکی دیکە لەبارەی هەوڵەکان بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان حکومەتی وڵاتەکەی و سووریا قسەی کرد و گوتی، "چاومان لە خاکی هیچ وڵاتێک نییە و مەبەستمان پێشێلکردنی سەروەریی هیچ وڵاتێکیش نییە. تەنیا دژ بە خواستی جوداخوازی، نیشتمانەکەمان دەپارێزین."
 
رۆژی سێشەممە 2ی تەممووزی 2024 دوای پێنج کاژێر لە کۆبوونەوەی کابینەی حکومەت رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانی ئەنجامدا، تێیدا باسی لە هەوڵەکان بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ حکومەتی سووریا، ئاڵۆزییەکانی دوو رۆژی رابردوو لە چەند شارێکی تورکیا و باکووری کوردستان و چەند بابەتێکی دیکە کرد.
 
ئەردۆغان گوتی، "پێمان وایە لە سیاسەتی دەرەوەدا کردنەوەی بابەتە گرێدراوەکان سوودبەخشە. لەم بارەیەوە لەگەڵ هەر کەسێک کە پێویست بێت، لە گفتوگۆکردن درێخی ناکەین."
 
سەرۆککۆماری تورکیا بەشێکی دیکەی گوتارەکەی تایبەت کرد بەو گرژییانەی لە هەندێک شاری تورکیا و باکووری کوردستان لەم دوو رۆژەدا هەبوون و گوتی، "سەقامگیریی نێوخۆیی هێڵی سووری دەوڵەتەکەمانە. بە هەر بیانوویەک بێت، رێگە بە پێشێلکردن و بەزاندنی ئەو هێڵە نادەین." گوتیشی، "وەکو چۆن دەتوانین ئەو دەستانە ببڕین کە دژی ئاڵاکەمان درێژ دەکرێن، بە هەمان شێوەش ئەو دەستانە دەبڕین کە دژ بە ستەملێکراوە پەنابەرەکان درێژ دەکرێت."
 
لەبارەی نیگەرانییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا لە بابەتی نزیکبوونەوەی ئەنقەرە - دیمەشق، ئەردۆغان رایگەیاند، "تورکیا ئەو وڵاتە نییە کە دۆستەکانی لە نیوەی رێگە جێبهێڵێت؛ پێشتر ئەوەمان نەکردووە و ئێستاش نایکەین. چاومان لە خاکی هیچ وڵاتێک نییە و مەبەستیشمان پێشێلکردنی سەروەریی هیچ وڵاتێک نییە. ئێمە تەنیا دژ بە خواستی جوداخوازی، نیشتمانەکەمان دەپارێزین و لەسەر ئەو کارەش بەردەوام دەبین."
 
شەوی 30ی حوزەیرانی 2024 دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵی دەستدرێژیکردنە سەر منداڵێکی تەمەن پێنج ساڵان لەلایەن گەنجێکی سووریاییەوە، لە پارێزگای قەیسەریی تورکیا، گرژی و خۆپێشاندان دژی پەناخواز و پەنابەرانی سووریایی دەستیپێکرد.
 
رووداوەکە کاردانەوەی خێرای لێکەوتەوە و 474 کەس دەستگیرکران، کە هێرشیان کردبووە سەر سووریاییەکان. کاردانەوەی رووداوەکەش بۆ چەندین شار و شارۆچکەی تورکیا و باکووری کوردستان تەشەنەی سەند.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە