ئەردۆغان: تاوەکو سەرچاوەکانی تیرۆر لە عێراق و سووریا وشک نەکرێن، تورکیا هەست بە ئارامی ناکات

03-06-2024
هێمن عەساف
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

سەرۆککۆماری تورکیا لە پرسی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆردا پێداگری لەوە دەکات، ئۆپەراسیۆنەکانیان بەردەوام دەبن. دەڵێت: "تاوەکو سەرچاوەکانی بەرهەمهێنەری تیرۆر لە عێراق و سووریا وشک نەکرێن، تورکیا هەست بە ئارامی ناکات." 
 
شەوی رابردوو (2ـی حوزەیرانی 2024) رەجەب تەیب ئەردۆغان لە 31مین کۆبوونەوەی تایبەت بە راوێژکاری و هەڵسەنگاندنی دۆخی ئاکپارتی لە نێوان هەردوو هەڵبژاردنی 14ـی ئایاری 2023ـی سەرۆکایەتیی کۆمار و پەرلەمان لەگەڵ هەڵبژاردنی شارەوانییەکان کە 31ـی ئاداری 2024 ئەنجامدران، گوتارێکی پێشکێش کرد. 
 
رەجەب تەیب ئەردۆغان باسی سیاسەتی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆری کرد و گوتی: "تاوەکو سەرچاوەکانی بەرهەمهێنەری تیرۆر لە عێراق و سووریا وشک نەکرێن، تورکیا ئاسایش و سەقامگیر نابێت و هەست بە ئارامی ناکات". گوتیشی، بۆ وشککردنی سەرچاوەکانی "تیرۆر" ئۆپەراسیۆنەکانیان بەردەوام دەبێت. 
 
سەبارەت بە هەموار و داڕشتنەوەی دەستووری تورکیا، ئەردۆغان گوتی: "سوورین لەسەر داڕشتنەوەی دەستووری نوێ و ئامادەین بۆ سازان. پێمان باش نییە ئەو بابەتە بکرێتە کێشمەکێشی سیاسی".
 
سەرۆککۆماری تورکیا باسی لەوە کرد، "پێویستە کۆک بین لەسەر ئەوەی تورکیا لە شەرمەزاریی دەستوورێک رزگار بکەین کە بە دەستی کودەتاچییەکانەوە ئامادە کراوە. پێویستە هەموومان شتی نوێ بڵێین و ئومێد ببەخشینە گەلەکەمان. نەخشەڕێگەیەک دابڕێژین ببێتە رووگەی چارەسەرکردنی کێشەکان."
 
ئەردۆغان باسی هێرشەکانی ئیسرائیلی بۆ سەر غەززە کرد و گوتی: "دژی ستەم و کۆمەڵکوژین کە 76 ساڵە بەردەوام لە هەموو پلاتفۆڕمێکدا ناڕەزایەتی دەردەبڕین. بە هەموو توانامانەوە پشتیوانی لە گەلی فەلەستین دەکەین".
 
گوتیشی: "ئیدی دەبێ بەر لە دڕەندەیی و خوێنمژیی نەتەنیاهوو بگیرێت کە دەیەوێت ناوچەکەمان و جیهان بەرەو کارەسات ببات".
 
لەبارەی دۆخی ئابووری و سیاسەتی بەڕێوەبردنی تورکیاش رایگەیاند: "بە دڵنیاییەوە کێشەی هەڵاوسان چارەسەر دەکەین. دەیگەڕێنینەوە بۆ تاکخانەیی. پێشتر لەم بارەیەوە سەرکەوتوو بووین و دووبارەش سەردەکەوین. ئامانجی ئێمە ئەوەیە لەم چوار ساڵەدا کە هەڵبژاردنی تێدا نییە، هەموو هەوڵەکان لە چوارچێوەی کردەوە و خزمەتگوزاریدا بێت".

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە