ئەردۆغان لە گوتاری دەستبەکاربوونی: لە چەند کاژێری داهاتوودا حکومەتێکی نوێ رادەگەیێنین

رووداو دیجیتاڵ

رەجەب تەیب ئەردۆغان ئەمڕۆ دوای سوێندخواردنی، لە کۆشکی سەرۆکایەتیی تورکیا لە ئەنقەرە گوتاری دەستبەکاربوونی پێشکێش کرد و رایگەیاند "لە چەند کاژێری داهاتوودا حکومەتێکی نوێ رادەگەیێنین ".

 

ئەردۆغان، سەرۆکی ئاکپارتی کە پارتەکەی سەرۆکایەتیی هاوپەیمانیی جمهووری دەکرد و لە هەڵبژاردنی مانگی رابردووی تورکیا هەم پارتەکەی زۆرترین کورسییەکانی پەرلەمانی بەدەستهێنا، هەم خۆی توانی لە گەڕی دووەمی هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری تورکیادا بەسەر کڵچدارئۆغلو سەربکەوێت و بە سەرۆکی تورکیا هەڵبژێردرێتەوە، لە گوتارەکەیدا باسی لەوە کرد "زیاتر لە 52٪ـی خەڵکی وڵاتەکەمان دەنگیان پێداین و بۆ 5 ساڵی دیکە بەڕێوەبردنی وڵات خرایە ئەستۆی ئێمە".
 
سەرۆککۆماری تورکیا گوتیشی "خاوەنداریی لە برایەتیی دێرین و هەمیشەیی گەلەکەمان دەکەم و کار بۆ بەدیهێنانی ئاشتی دەکەین".
 
لە بەشێکی دیکەی گوتەکانیدا ئەردۆغان باسی ئەحمەدی خانی (شاعیر و نووسەر و رووناکبیری گەورەی کورد)ـی کرد و گوتەیەکی ئەوی بە نموونە هێنایەوە، ئەردۆغان گوتی "مرۆڤ ئامانجە، وەکو خانی دەڵێت؛ مرۆڤ ئەو نەخشەیە، کە گەورەترین قەڵەم کێشاویەتی".
 
ئەمڕۆ شەممە، 3-6-2023 رەجەب تەیب ئەردۆغان وەک سەرۆککۆماری تورکیا سوێندی یاسایی خوارد، ئەوەش دوای ئەوەی لە گەڕی دووەمی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیدا 27 ملیۆن و 834 هەزار و 589 دەنگ (52٪ـی دەنگەکان)ـی بەدەستهێنا. 
 
لەدوای گوتارەکەی، خوانی ئێوارە لە کاژێر 19:00 لە کۆشکی چانکایا رێکدەخرێت و میوانان لەوێ دەبن. ئەردۆغان لە گوتاری دەستبەکاربوونیدا جەختی کردەوە لەوەی ئێوارەی ئەمڕۆ کابینەی حکومەت رادەگەیێنێت.