رووداو دیجیتاڵ
هاوسەرۆکی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) لەبارەی پرسی هەمواری دەستووری تورکیا، کە ئاکپارتی وەکو پرۆژەیەک ئامادەی کردووە و پێشکێشی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کردووە، دەڵێت، "بەر لە هەموارەکە پێویستمان بە گەڕاندنەوەی متمانەیە."
پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ هەینی 3ی ئایاری 2024، تولای هاتیمئۆغوڵڵاری و تونجەر باکرهان، هاوسەرۆکانی دەم پارتی سەردانی ئۆزگور ئۆزەل، سەرۆکی جەهەپەیان لە بارەگای سەرەکیی پارتەکە لە ئەنقەرە کرد و دوای دوو کاژێر کۆبوونەوە، کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیی هاوبەشیان رێکخست.
هاوسەرۆکانی دەم پارتی جەختیان لە هاوئاهەنگی، کۆبوونەوە و دیداری بەردەوامیان لەگەڵ بەشێک لە پارتە ئۆپۆزیسیۆنەکانی تورکیا کردەوە؛ بەشێکی کۆبوونەوەکەیشیان تایبەت بوو بە پرسی هەمواری دەستووری تورکیا.
سەرۆکی جەهەپە لەبارەی کۆبوونەوەکەی رۆژی پێنجشەممەی لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا و سەرۆکی ئاکپارتی بە رۆژنامەڤانانی راگەیاند، لە کۆبوونەوەکەیدا پێشنیازی دامەزراندنی وەزارەتی بوومەلەرزەی کردووە.
لەبارەی هەوڵەکانی تایبەت بە هەمواری دەستووری تورکیا، ئۆزگور ئۆزەل رایگەیاند، "هەڵوێستمان روونە. دەستووری ئێستا کاری پێناکرێت و دەسەڵات خۆی پابەندی دەستوور نییە و رێزی لێ ناگرێت. ئەگەر رێز لە دەستوور نەگیرێت، پێویست بە هەموارکردن یان سەرلەنوێ داڕشتنەوە ناکات."
تولای هاتیمئۆغوڵڵاریش گوتی، پێویستیان بە بەرەیەکی بەهێز و بوێری ئۆپۆزیسیۆنە کە رێگری "لە کارە نادەستوورییەکان بکات و بتوانێت رۆڵ بگێڕێت و چارەسەر بخاتەڕوو."
لەبارەی هەمواری دەستووری تورکیاشەوە تولای هاتیمئۆغوڵڵاری رایگەیاند، "بەر لە هەموارەکە پێویستمان بە متمانە هەیە. دەسەڵات خۆی هۆکار بووە لە نەبوونی متمانە و لە سەرجەم بۆنەکاندا ئەمەی بە زەقی سەلماندووە و ئەزموونەکانی پێشتریش هەمان شتمان پێ دەڵێن. بۆیە پرسێکی گرنگی وەک هەمواری دەستوور یان سەرلەنوێ داڕشتنەوەی پێویستی بە زەوینەسازییەکی زۆر هەیە بۆ ئەوەی متمانە هەبێت."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ