لە سێ مانگی ئەم ساڵدا 184 هەزار کەس لە فڕۆکەخانەی مێردینەوە گەشتیان کردووە

03-05-2024
هێمن عەساف
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی بەکارخستنی فڕۆکەخانەکانی دەوڵەت سەر بە وەزارەتی گواستنەوە و ژێرخانی تورکیا، ئاماری مانگی ئاداری 2024ی فڕۆکەخانەی مێردینی باکووری کوردستانی بڵاوکردەوە و دەڵێت، زیاتر لە 57 ھەزار كه‌س لە فڕۆکەخانەکەوە گەشتیان كردووه‌.
 
لە مانگی ئاداردا فڕۆکەخانەی مێردین خزمەتگوزاریی پێشکێشی 57 ھەزار و 242 سه‌رنشین کردووە؛ هەروەها 472 تۆن باری کارگۆ لەو فڕۆکەخانەیەوە گوێزراونەتەوە.
 
بەگوێرەی ئامارەکە، لە سێ مانگی یەکەمی ئەم ساڵدا 183 هەزار و 892 کەس لە رێگەی 1185 گەشتی ئاسمانییەوە لە فڕۆکەخانەی مێردینەوە گەشتیان کردووە؛ هەروەها لەو سێ مانگەدا 1647 تۆن کەلوپەل بە فڕۆکەی کارگۆ گوێزراونەتەوە.
 
هەر بەگوێرەی ئامارەکە، لە ساڵی 2023دا 214 ملیۆن و 232 هەزار و 985 کەس لە رێگەی 2 ملیۆن و 167 هەزار و 19 فڕۆکەوە لە سەرجەم فڕۆکەخانەکانی تورکیا و باکووری کوردستانەوە گەشتیان کردووە؛ هەروەها 4 ملیۆن و 211 هەزار و 919 تۆن کەلوپەل لەو فڕۆکەخانانەوە گوێزراونەتەوە.
 
فڕۆکەخانەی مێردین لە ساڵی 1999 دروستکرا و 75 کیلۆمەتر لە ناوەندی شاری مێردینەوە دوورە.
 
فڕۆکەخانەکە ساڵی 2011 نۆژەنکرایەوە و ساڵی 2014 فراوان کرا؛ ساڵی 2023 فڕۆکەخانەکە ناوی بۆ فڕۆکەخانەی دکتۆر عەزیز سانجار گۆڕدرا کە زانایەکی بەناوبانگی بواری کیماییە و ساڵی 2015 خەڵاتی نۆبڵی وەرگرت.
 
لە سەرانسەری تورکیادا 62 فڕۆکەخانەی سڤیل هەن کە 18یان لە باکووری کوردستانن؛ هەریەک لە فڕۆکەخانەکانی ئامەد، خارپێت، ئەرزەڕۆم، دیلۆک، قەرس، مەلەتێ، سێواس، رووها و وان، نێودەوڵەتین.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە