ئەردۆغان دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆکی جەهەپە: سەردەمی نەرمی نواندن دەستپێدەکەین

03-05-2024
هێمن عەساف
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆککۆماری تورکیا دەڵێت، سەردەمی نەرمی نواندن لە پڕۆسەی سیاسیدا دەستپێدەکەن و ئاماژەی بەوەش کرد، تورکیا پێویستی بەو هەنگاوەیە.
 
ئەمڕۆ 3ی ئایاری 2024 رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا دوای نوێژی هەینی لە ئیستەنبووڵ، قسەی بۆ رۆژنامەڤانان کرد و لەبارەی کۆبوونەوەی لەگەڵ ئۆزگور ئۆزەل، سەرۆکی جەهەپە و راگرتنی پەیوەندیی بازرگانیی وڵاتەکەی لەگەڵ ئیسرائیل قسەی کرد.
 
لەبارەی سەردانەکەی سەرۆکی جەهەپە بۆ لای، ئەردۆغان گوتی، "پێشهاتێکی گرنگە لەنێوان دەسەڵات و ئۆپۆزیسیۆن. پێشتر ئەم جۆرە هەنگاوانە نەبوون. پێم وایە بەم هەنگاوە، پرۆسەی سیاسی چووە سەردەمی نەرمی نواندنەوە. بە بەڕێز ئۆزگورم راگەیاند، کە لە نزیکترین دەرفەتدا سەردانیان دەکەم. تورکیا پێویستی بەوەیە؛ پرۆسەی سیاسیی تورکیاش پێویستی بەوەیە."
 
لەبارەی راگرتنی پەیوەندییە بازرگانییەکانیان لەگەڵ ئیسرائیل، سەرۆککۆماری تورکیا رایگەیاند، پێشتر هۆشدارییان بە تەلئەڤیڤ دابوو و گوتبوویان کە پێویستە هێرشەکانیان بۆ سەر فەلەستین رابگرن، بەڵام "ئیسرائیل نەوەک تەنیا بەدەم داواکارییەکەوە نەهات، بەڵکو گوێی بۆ بانگەوازەکانی هەموو جیهان داخست. ئیسرائیل لە کۆمەڵکوژیی گەلی فەلەستین بەردەوامە. ئیسرائیل بە تەنیا ناتوانێت ئەو کارە بکات، بەڵکو ئەمریکا و هەموو رۆژئاوا پشتیوانیی لێدەکەن."
 
سەرۆککۆماری تورکیا گوتیشی، "ئێمەش چیدیکە بەرگەی ئەم هەموو ستەمەمان نەگرت و هەنگاوی پێویستمان نا. قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانیی نێوانمان 9.5 ملیار دۆلار بوو. ئێمەش بڕیارمان دا دەستبەرداری ئەو بازرگانییە ببین و دەرگامان بەڕوویان داخست."
 
رۆژی 2ی ئایاری 2024 وەزارەتی بازرگانیی تورکیا لە راگەیێندراوێکدا راگرتنی پەیوەندییە بازرگانییەکانی لەگەڵ ئیسرائیل راگەیاند و گوتی، "سەرجەم ئەو کاڵایانەی هەناردەی ئیسرائیلمان دەکردن و ئەو کاڵایانەی لە ئیسرائیلەوە هاوردە دەکران، رادەگیرێن."
 
لە راگەیێندراوەکەدا هاتبوو، تاوەکو ئەو کاتەی ئیسرائیل کۆتایی بە گەمارۆی سەر کەرتی غەززە دەهێنێت و رێگەی تەواو بۆ گەیاندنی هاوکاریی مرۆیی، پزیشکی و پێداویستیی سەرەکیی رۆژانە بۆ خەڵکی غەززە دەکاتەوە، لە بڕیارەکەیان پاشگەز نابنەوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە