چاوشئۆغڵوو: پەیوەندی ئەنقەرە و واشنتن تەنیا بە F35 و S400 نەبەستراوەتەوە

رووداو-هەولێر

وەزیری دەرەوەی تورکیا لە پایتەختی هەنگاریا رایگەیاند، دۆناڵد ترەمپ دانی بەوەداناوە و رازیبووە کە کڕینی سیستەمی بەرگریی S400ی رووسی بەهۆی ئەوەوەبووە کە ئەمریکا نەیتوانیوە سیستەمی بەرگری پاتریۆت بداتە ئەنقەرە. دەشڵێ، سەرۆکی ئەمریکا بۆ ئەو پرسە و چەند تەوەرێکی دیکە سەردانی تورکیا دەکات.


بە سەردانێکی فەرمی مەولوود چاوشئۆغڵوو، وەزیری دەرەوەی تورکیا سەردانی بوداپێستی پایتەختی هەنگاریای کرد و لەگەڵ پیتەر سزیجارتۆ، وەزیری دەرەوە و بازرگانیی هەنگاریا کۆبووەوە. لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیی هاوبەشدا چاوشئۆغڵوو وەڵامی چەند پرسیارێکی دایەوە و سەرەتا جەختی لەسەر پرسی کڕینی S400ی رووسی کردەوە.

لەکاتێکدا واشنتن چەند جارێک لە بابەتی S400دا هەڕەشەی لە ئەنقەرە کردووە، وەزیری دەرەوەی تورکیا گوتی دۆناڵد ترەمپ پێشتر رازی بووە لەسەر ئەوەی تورکیا سیستەمی بەرگریی رووسی بکڕێت.

مەولوود چاوشئوغڵوو، وەزیری دەرەوەی تورکیا گوتی: "سەرۆک ترەمپ رازیبووە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا پێشتر نەیتوانیوە سیستەمی بەرگری مووشەکی پاتریۆت بە تورکیا بفرۆشێت، هەروەها سەرۆک ترەمپ رازیش بووە بەوەی کە ئەوە هۆکاری کڕینی سیستەمی بەرگری مووشەکی ئێس 400 بووە لەلایەن تورکیاوە. سەرۆک ترەمپ گوتوویەتی کە دەیەوێت لە ماوەی داهاتوودا بێت بۆ تورکیا و ئێمەش لەمکاتەدا گفتوگۆ لەبارەی کاتەکەی دەکەین. پەیوەندی ئەمریکا و تورکیا تەنیا بە فڕۆکەی ئێف 35 یان سیستەمی ئێس 400 نەبەستراوەتەوە. بێگومان ئەو بابەتانە گرنگن. ئێمە چەندین بابەتی ناوچەیی و دووقۆڵیمان لەنێواندایە کە دەبێت گفتوگۆیان لەبارەیەوە بکەین، لەنێوانیاندا پرسی کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە سووریادا هەیە. تەنیا لەبەر ئەوەی لەگەڵ وڵاتێكدا لەسەر یەک بابەت رێکنەکەوین، ئەوە واتای ئەوە نییە کە ئێمە پەیوەندییەکانمان سەبارەت بە بابەتاکانی دیکە ببڕین و ترەمپ هەمان تێگەیشتنی هەیە".

یەکێکی دیکە لەو بابەتانەی چاوشئۆغڵوو قسەی لەسەر کرد پرسی کۆچبەرانی سووریا بوو کە رەخنەی لە یەکێتیی ئەوروپا گرت بەوەی لە بەڕێوەبردنی پرۆسەکەدا خاون. 

وەزیری دەرەوەی تورکیا گوتی: "لە تورکیا نزیکەی 4.5 ملیۆن کۆچبەر هەن و لەوانە 3.6 ملیۆنیان لە سووریاوە هاتوون. بەپێی رێککەوتنمان لەگەڵ یەکێتی ئەوروپا تاوەکو کۆتایی 2018 دەبوو جگە لە 3 ملیار دۆلار کە لەسەری رێککەوتبووین 3.6 ملیار یۆرۆ بۆ کۆچبەران رەوانە بکرێت. تاوەکو ئێستا لەو بڕە تەنیا 2 ملیار رەوانە کراوە. واتە یەک لەسەر سێی پارەکە. لێرەدا خاوی بەدی دەکرێت. ئەمە یەکێتی ئەوروپاش قبوڵی کردووە".

لەبەشێکی دیکەی گوتەکانیدا چاوشئۆغڵوو ئاماژەی بەوەدا کە زۆر لەو کۆچبەرانەی لە سووریاوە هاتوون خوازیارن بگەڕێنەوە. ئەو گوتی لەو دوو ناوچەیەی کە لەژێر کۆنترۆڵی داعش و یەپەگە دەریانهێناون 321 پەنابەری سووریا گەڕاونەتەوە.

وەزیری دەرەوەی تورکیا هەروەها پێیوایە ئەگەر ناوچەی ئارام دروستبکرێت، ملیۆنان پەنابەری دیکە دەگەڕێنەوە. چاوشئۆغڵو گوتی: "ئەگەر لە داهاتوودا ئەو ناوچە ئارامە فەراهەم بکەین کە لەگەڵ ئەمریکا و رووسیا و وڵاتانی دیکە گفتوگۆمان لەسەری کردووە، بۆی هەیە ملیۆنان کۆچبەر بگەڕێنەوە. واتا پێویستە ئێمە لە ناخی دڵەوە کار بۆ گەڕاندنەوەی ئەو مرۆڤانە بکەین و لەوێشدا خزمەتگوزارییان بۆ دابین بکەین".

پێداچوونەوە؛ عومەر شایان