لە ئیستەنبووڵ ئەو 11 کەسەی بەتۆمەتی هاندانی بایکۆت دەستبەسەرکرابوون، ئازادکران

03-04-2025
هەوار ئیسماعیل
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

لە شاری ئیستەنبووڵ جەم یغیت ئوزوملو ئەکتەری تورک و 10 کەسی دیکە کە بە تۆمەتی هاندانی خەڵک بۆ بایکۆتی براندی تورکی دەستبەسەرکرابوون، بە بڕیاری دادگە بەمەرجی دادوەری ئازاد کران و گەشتکردنیان بۆ دەرەوەی تورکیا لێ قەدەخە کرا. 
 
ئەو 11 کەسە بەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە، 3ـی نیسانی 2025 لەسەر راسپاردەی سەرۆکایەتیی داواکاری گشتیی ئیستەنبووڵ دەستبەسەرکران. 
 
بەپێی ئەو تۆمەتنامەیەی سەرۆکایەتیی داواکاری گشتیی کۆماریی ئیستەنبووڵ ئامادەی کردبوو، ئەو 16 کەسە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بانگەشەیان بۆ هەڵمەتی بایکۆت لە دژی ژمارەیەک براندی خۆماڵی تورکی کردووە. 
 
شەوی 1ـی نیسانی 2025 بەشێک لە خوێندکارانی زانکۆکانی تورکیا بانگەوازی "بایکۆت" یان لە رۆژی دووی نیسان کرد. 
 
ئۆزگور ئۆزەل، سەرۆکی جەهەپە پاڵپشتی لە بانگەوازەکە کرد، بەڵام بەرپرسانی ئاکپارتی و حکومەت رەخنەیان لە هەنگاوەکە گرت. 
 
عومەر چەلیک، گوتەبێژی ئاکپارتی کاردانەوەی بەرامبەر پاڵپشتی ئۆزەل بۆ بایکۆتەکە دەربڕی و گوتی: "ئەمە هەڕەشەیەکی تەواوە بۆ سەر تورکیا". 
 
عومەر بۆلات، وەزیری بازرگانی بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند: "بانگەوازەکان بۆ بایکۆت هەوڵێکن بۆ تێکدانی ئابووری. ئەوانەی زیانی داراییان لە بازرگانییەکەیاندا هەیە، رەنگە داوای قەرەبووکردنەوەی یاسایی لەسەر ئەو کەسانە تۆماربکەن، کە داوای بایکۆت دەکەن". 
 
جەودەت یڵماز، یاریدەدەری سەرۆککۆماری تورکیاش گوتی: "ئۆپۆزسیۆنێک کە ئاشتی کۆمەڵایەتی و سەقامگیری ئابووری بکاتە ئامانج بە بانگەوازی شەقام و بایکۆت، ئەنجامەکەی دۆڕانە".
 
ڤەدات ئشکهان، وەزیری کار و دەستەبەری کۆمەڵایەتی رایگەیاند: "ئەوانەی هەوڵدەدەن یاری بە بژێوی و داهاتی خاوەنکار و پیشەسازییەکانمان بکەن کە هەلی کار دەڕەخسێنن، هەرگیز بە ئامانجیان ناگەن". 
 
کاژێر 03:57 خولەکی بەرەبەیانی رۆژی چوارشەممە دووی نیسانی 2025 عەلی یەرلیکایا، وەزیری ناوخۆی تورکیا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس بانگەوازەکانی بایکۆتی بە هەوڵی کودەتا چواند.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە