رووداو دیجیتاڵ
لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە لە ئامەدی باکووری کوردستان، بە ئامادەبوونی ژمارەیەکی زۆر لە بەرپرسی پارتە کوردییەکان، هاوپەیمانیی ئازادی و دیموکراسیی کورد راگەیێندرا. ئەمەش لە کاتێکدایە پێشتر هەدەپە لەگەڵ کۆمەڵێک پارتی دیکە هاوپەیمانییەکی بەناوەی رەنج و ئازادی پێکهێنابوو.
کۆنفرانسەکە لە ژێر لۆگۆ و سروشمی پارتی چەپی سەوز (یەسەپە) بەڕێوەچوو و میتحەت سانجار، هاوسەرۆکی گشتیی هەدەپە گوتارێکی بە زمانەکانی کوردی و تورکی پێشکێشکرد و گوتی: "بە مەبەستی راگەیاندنی هاوپەیمانیی ئازادی و دیموکراسیی کورد کۆبووینەتەوە. ساتێکی مێژووییە و لە ئێستاوە هیوای خێر و خۆشی بۆ ئەم هاوپەیمانییە دەخوازین".
هاوسەرۆکی گشتیی هەدەپە راشیگەیاند کە ماوەیەکی زۆرە بەدوای پێکهێنانی هاوپەیمانییەکی گشتگیردا دەگەڕێن و دوای ماندووبوونیکی زۆر گەیشتنە ئەم ئەنجامە. سانجار هەروەها جەختیکردەوە کە هاوپەیمانیی ئازادی و دیموکراسی کورد تایبەت بە هەڵبژاردن نییە، بەڵکو ستراتیژییەکی دوور مەودای هەیە.
هاوپەیمانیی ئازادی و دیموکراسیی کورد پێکدێت لە: پارتی دیموکراتی گەلان، پارتی چەپی سەوز، پارتی هەرێمە دیموکراتەکان، پارتی ئازادی، کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی دیموکراتی کورد، کۆنگرەی کۆمەڵگەی دیموکراتیک، پارتی مرۆڤ و ئازادی، پارتی کۆمۆنیستی کوردستان و پارتی سۆسیالیستی کوردستان.
میتحەت سانجار گوتی: "هاوپەیمانییەکان بە ئاسانی بەدەستنایەن و رەنج و ماندووبوونێکی زۆری دەوێ. ئەوەتا دەبینن هاوپەیمانییەکەمان لە کوردستانەوە بۆ چوار لای تورکیا بونیات دەنێین. کارێکی ئاسان نییە، بەڵام بە رەنج و ماندووبوونمان سەردەگرێت، هەروەها کاتێک باوەڕمان هەیە سەردەکەوێت".
لە کۆنگرە رۆژنامەڤانییەکەدا، بێجگە لە میتحەت سانجار، هەریەک لە چیدەم کڵیچگون ئوچار، هاوگوتەبێژی پارتی چەپی سەوز-یەپەسە و ساڵیحە ئایدنیز، هاوسەرۆکی پارتی هەرێمە دیموکراتەکان-دەبەپە و ئایەتوڵڵا ئاشتی، سەرۆکی پارتی ئازادی و عەبدولحەی ئۆکوموش لە کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی دیموکراتی کورد و بەردان ئۆزتورک، هاوسەرۆکی کۆنگرەی کۆمەڵگەی دیموکراتیک-دەتەکە و محەممەد کاماچ، سەرۆکی پارتی مرۆڤ و ئازادی لەگەڵ سینان چیفتیورەک، سەرۆکی پارتی کۆمۆنیستی کوردستان و بایرام بۆزیەل، سەرۆکی پارتی سۆسیالیستی کوردستان-پەسەکە ئامادەبوون.
بێجگە لەو هاوپەیمانییە، هەدەپە رۆژی 24ی ئەیلوولی 2022 لە شاری ئیستەنبووڵ لەگەڵ شەش پارتی چەپ و سۆسیالیست دامەزراندنی "هاوپەیمانیی رەنج و ئازادی" بە شێوەیەکی فەرمی راگەیاند و نەخشەڕێگەی سیاسیی ئەو هاوپەیمانێتییەی ئاشکرا کرد. ئەو شەش پارتەی تورکیا کە لەگەڵ هەدەپە لە هاوپەیمانێتییەکەدان بریتین لە: پارتی کرێکاری تورکیا (TİP)، پارتی رەنجدەران (EMEP)، پارتی ئازادی کۆمەڵگە (TÖP)، پارتی بزووتنەوەی رەنجدەران (EHP)، فیدراسیۆنی ئەنجوومەنی سۆسیالیزم (SMF) و رێکخراوی ماڵی خەڵک (HEV).
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ