رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی گەورەشارەوانیی ئیستەنبووڵ باس لەوە دەکات، پارتەکەی شۆڕشێکی دیموکراسیی دەکات بە دەستنیشانکردنی بەربژێری سەرۆککۆمار لە رێگەی هەڵبژاردنی پێشوەختەی نێو جەهەپە.
شەوی رابردوو 2ـی ئاداری 2025، ئەکرەم ئیمامئۆغڵو، لەبارەی پرسی هەڵبژاردنی پێشوەختەی نێو رێکخستنەکانی جەهەپە بۆ هەڵبژاردنی بەربژێری سەرۆککۆمار قسەی کرد.
ئەکرەم ئیمامئۆغڵو رایگەیاند، جەهەپە بڕیارێکی مێژوویی داوە کە هەڵبژاردنی پێشوەختەیە "سەتان هەزار ئەندامانی پارتەکەمان دەچنە سەر سندووقی دەنگدان. بەربژێری سەرۆککۆمار لەسەر سندووقی دەنگدان دیاری دەکەن. ئەمە شۆڕشێکی گەورەیە، بەمە دەڵێن شۆڕشی دیموکراسی."
ئەکرەم ئیمامئۆغڵو بە تەنزەوە باسی پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکپارتی) دەکات و دەڵێ، "لەوێ [لەنێو ئاکپارتی] بڕیار لەژێر دەست و لێوی تاکە کەسێکدایە، ئەو چ بڵێت هەر ئەوە. کەچی ئێمە سندووقی دەنگدان دەهێنینە بەردەست ئەندامانمان. چونکە پێمانوایە میللـەت چی بڵێت هەر ئەو جێبەجێ دەکرێت. ئەم میللـەتە مەزنە و سەروەرییەکان بێ مەرج هی میللـەتە. ئەم پشتیوانییە جەماوەرییە و ترسی لەدەستدانی کورسیی دەسەڵات وایکردووە؛ هێرش بکەنە سەر میللـەت و دەیانەوێ میللـەت بترسێنن. بەڵام سڵ ناکەین و پێکەوە سەردەکەوین."
رۆژی 21ـی شوبات، ئەکرەم ئیمامئۆغڵو، سەرۆکی گەورەشارەوانیی ئیستەنبووڵ، کە هاوکات سەرۆکی یەکێتیی شارەوانییەکانی تورکیایە، واژۆی لەسەر فۆڕمی بەربژێربوونی بۆ پۆستی سەرۆککۆماری تورکیا کرد. فۆڕمەکەی پێشکێشی سەرۆکایەتیی لیژنەی هەڵبژاردنی پێشوەختە کرد کە سەر بە ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی جەهەپە-یە.
بە بڕیاری ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی جەهەپە، مانگی کانوونی دووەمی 2025 بڕیاردرا هەڵبژاردنی پێشوەختەی نێوخۆیی لەنێو رێکخستنەکانی جەهەپە-دا بکرێت بۆ ئەوەی بەربژێرێک دیاری بکەن بۆ پۆستی سەرۆککۆماری تورکیا، بۆ ئەمەش بڕیاردرا دەرفەت بە بەرپرسانی جەهەپە بدرێت خۆیان بەربژێر بکەن.
یەکێک لە مەرجەکان، کۆکردنەوەی لانیکەم واژۆی 20 پەرلەمانتار، 20 سەرۆک شارەوانیی و 10 ئەندامی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی بوو. لەنێو جەهەپە دوو ناوی زۆر دیار باس دەکران؛ یەکەمیان، ئەکرەم ئیمامئۆغڵو، سەرۆکی گەورەشارەوانیی ئیستەنبووڵ. دووەمیان، مەنسوور یاڤاش، سەرۆکی گەورەشارەوانیی ئەنقەرە.
رۆژی 9ـی شوباتی 2025، بۆ یەکلاییکردنەوەی کێبڕکێی نێوان ئەم دوو کەسایەتییە، ئۆزگور ئۆزەل، سەرۆکی جەهەپە کۆبوونەوەیەکی لەگەڵ هەردووکیان دا کرد. لەم کۆبوونەوەیەدا، مەنسوور یاڤاش کشانەوەی خۆی بۆ بەرژەوەندیی ئەکرەم ئیمامئۆغڵو لە پرسی بەربژێربوون ئاشکرا کرد، بەمەش گۆڕەپانەکە بۆ ئیمامئۆغڵو چۆڵ بوو.
رۆژی 1ـی شوبات دەرگەی بەربژێربوون بۆ بەرپرسانی ئەم پارتە کرایەوە. دورسون چیچەک، پەرلەمانتاری پێشووی جەهەپە لە بازنەی ئەنقەرە، خۆی بەربژێر کرد، بەڵام تاوەکو ئێستا 20 واژۆی پەرلەمانتاران و سەرۆک شارەوانییەکان و ئەندامانی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی کۆنەکردووەتەوە. ئەمە لە کاتێکدایە لە کۆی 133 پەرلەمانتاری جەهەپە 116 پەرلەمانتار واژۆیان بۆ بەربژێربوونی ئیمامئۆغڵو کردووە. هەروەها 120 سەرۆک شارەوانی و 25 ئەندامی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی پشتیوانی تەواوی خۆیان بۆ ئیمامئۆغڵو دەربڕیوە.
رۆژی 23ـی ئاداری 2025، لیژنەکە لیستی بەربژێرەکان رادەگەیێنێت و هەڵبژاردنی پێشوەختە بۆ دیاریکردنی بەربژێری جەهەپە بۆ سەرۆککۆمار دەکرێت.
هەرچەندە هەڵبژاردنی پەرلەمان و سەرۆککۆمار سێ ساڵی ماوە، کە بڕیارە لە مانگی حوزەیرانی 2028 بکرێت، بەڵام جەهەپە و بەشێکی پارتەکانی ئۆپۆزسیۆن، کاردەکەن بۆ ئەوەی لە مانگی تشرینی دووەمی ئەم ساڵ یان لە بەهاری 2026، هەڵبژاردنی پێشوەختە بکرێت. پاساو بۆ ئەوە دەهێننەوە ئەردۆغان و دەسەڵاتی ئاکپارتی لە هەموو روویەکەوە شکستیان هێناوە و توانای بەڕێوەبردنی وڵاتیان نەماوە.
لە هەڵبژاردنی 14ـی ئایاری 2023دا هاوپەیمانی جمهوور کە ئاکپارتی و مەهەپە پێکهێنەری سەرەکیی بوون، 49.47٪ـی دەنگەکانیان بەدەستهێنا و 323 کورسییان بردەوە. هاوپەیمانی میللـەت کە جەهەپە و ئیی پارتی پێکهێنەری سەرەکیی بوون 35.02٪ـی دەنگەکانیان بەدەستهێنا و لە پەرلەمان 212 کورسیان بردەوە.
لە هەڵبژاردنی سەرککۆماریش دا، رەجەب تەیب ئەردۆغان بە 49.52٪ـی دەنگەکان بە سەرۆککۆمار هەڵبژێردرایەوە. کەمال کڵچدارئۆغڵو بە 44.88٪ـی دەنگەکان دووەم دەرچوو.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ