رووداو دیجیتاڵ
کارەکانی سێیەمین کۆڕبەندی دیپلۆماسیی ئەنتالیا 2024 کە چوار ھەزار و 700 کەسایەتی لە 147 وڵاتەوە تێیدا بەشداربوون، کۆتایی ھات.
رۆژی ھەینی، 1ـی ئاداری 2024، سێیەمین کۆڕبەندی دیپلۆماسیی ئەنتالیا 2024 لەژێر ناوی "بەهێزکردنی دیپلۆماسی لە سەردەمی پشێویدا"، لە ناوەندی کۆنگرەی NEST لە ناوچەی گەشتیاریی بەلەک دەستیپێکرد و ئەمڕۆش کۆتاییھات.
لە کۆڕبەندەکەدا؛ قەیرانەکانی خۆراک، گۆڕانی کەشوهەوا، کۆچ، دژایەتیکردنی ئیسلام، جەنگە بازرگانییەکان، ژیریی دەستکرد، گرنگیی دیپلۆماسیی لە کاتی قەیرانەکاندا و پرسی غەززە باسیان لێوەکرا.
چوار ھەزار و 700 کەسایەتی لە 147 وڵاتەوە لە کۆڕبەندی دیپلۆماسیی ئەنتالیا 2024دا بەشداربوون، لەنێویاندا 19 سەرۆک و سەرۆکوەزیرانی وڵاتان و دوو سەرۆکی هەرێم و 52 وەزیری دەرەوەی وڵاتان.
لە یەکەم رۆژی چالاکییەکانی کۆڕبەندی دیپلۆماسیی ئەنتالیا، 15 پانێڵ، لە رۆژی دووەمدا 21 پانێڵ و لە رۆژی سێیەم کۆتاییشدا 16 پانێڵ بەڕێوەچوون.
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەنێو ئەو 19 سەرکردەیە بوو بەشێوەیەکی فەرمی لە لایەن حکومەتی تورکیاوە بانگهێشت کرابوون. سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە کۆڕبەندەکەدا لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا کۆبووەوە.
یەکەمین کۆڕبەندی دیپلۆماسیی ئەنتالیا لە رۆژانی 18 تاوەکو 20ی حوزەیرانی 2021 بەڕێوەچوو؛ دووەمین کۆڕبەندی ئەنتالیا لە رۆژانی 11 تاوەکو 14ی ئاداری 2022 بەڕێوەچوو. ساڵی رابردوو بەهۆی بوومەلەرزەکەی باکووری کوردستان و تورکیاوە کۆڕبەندەکە بەڕێوەنەچوو.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ