سەرۆکی بانکی ناوەندیی تورکیا دەستی لەکارکێشایەوە و یاریدەدەرەکەی چووە شوێنی

رووداو دیجیتاڵ
 
سەرۆکی بانکی ناوەندیی تورکیا دەستی لەکاركێشایەوە، بە بڕیاری سەرۆککۆماری تورکیا، یاریدەدەری سەرۆکی بانکەکە کرایە سەرۆکی بانکەکە و بڕیارەکەش لە ژمارەی ئەمڕۆ شەممەی رۆژنامەی فەرمیدا بڵاوکرایەوە.
 
دوای هەشت مانگ مانەوە لە ئەرکەکەی، حافیزە گایە ئەرکان رۆژی 2-2-2024 دەستلەکارکێشانەوەی لە پۆستی سەرۆکی بانکی ناوەندیی تورکیا راگەیاند. بە بڕیاری سەرۆککۆماری تورکیاش فاتیح کاراهان، یاریدەدەری سەرۆکی بانکیی ناوەندیی کرایە سەرۆکی باکەکە.
 
بڕیارەکەی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا بە ژمارە 32449ی تایبەت بە دامەزراندن لە رۆژی 2-2-2024 دەرچووە.
 
حافیزە گایە ئەرکان یەکەمین ژن بوو کە پۆستی سەرۆکی بانکی ناوەندیی تورکیای پێ بدرێت و رۆژی 8-6-2023 دەستبەکار بوو. ئەو هەشت مانگ لە پۆستەکەیدا مایەوە. فاتیح کاراهان کە بووەتە سەرۆکی بانکی ناوەندیی، رۆژی 28-7-2023 وەکو یاریدەدەری سەرۆکی بانکی ناوەندیی دەستبەکاربوو. 
 
ئاکپارتی نزیکەی 22 ساڵە لەسەر دەسەڵاتە لەو ماوەیەدا هەشت جار سەرۆکی بانکی ناوەندیی گۆڕیوە. بەتایبەتی لە هەشت ساڵی رابردوودا کە قەیرانی ئابووری کاریگەرترە، 5 جار ئەو پۆستە گۆڕانکاریی بەسەردا هاتووە. ئەمە رەخنەی بەشێک لە پارتەکانی ئۆپۆزسیۆنی بەدوای خۆیدا هێنا و محەممەد شیمشەک، وەزیری گەنجینە و دارایی تورکیا وەڵامی رەخنەکانی دایەوە.
 
شیمشەک لەبارەی دەستلەکارکێشانەوەی سەرۆکی بانکی ناوەندیی تورکیا راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و گوتی: "پرۆگرامی ئابووریمان بە سەرکردایەتیی بەڕێز سەرۆککۆمارمان بێ پچڕانەوە بەردەوامە. ئەو بڕیارەی سەرۆکی پێشووی بانکی ناوەندی حافیزە گایە ئەرکان داویەتی، بە تەواوی بڕیارێکی کەسییە. رێز لەو بریارەی دەگرم و بەهۆی ئەو خزمەتەی پێشکێشی وڵاتەکەمانی کردووە، سوپاسی دەکەم".
 
فاتیح کاراهان ساڵی 2012 لە بانکی ناوەندیی نیویۆرک وەکو ئابووریناس دەستبەکار بووە. تاوەکو ساڵی 2022 لە چەندین بواری ئابووریی وەکو "بەرهەم" و "بازاڕ" درێژەی بە کارەکانی داوە و هاوکات لە زانکۆی کۆلومبیای نیویۆرک وانەی گوتووەتەوە. دوای ئەوەی محەممەد شیمشەک کرایە وەزیری گەنجینە و دارایی تورکیا، فاتیح کاراهانیش بانگهێشتکرایەوە بۆ ئەوەی ببێتە یاریدەدەری سەرۆکی بانکی ناوەندیی.