رووداو دیجیتاڵ
بەگوێرەی پرۆگرامی وەزارەتی پەروەردەی تورکیا، لە قوتابخانە ناوەندییەکانی باکووری کوردستان و تورکیا بۆ ساڵی خوێندنی 2024-2025 رۆژی 30-1-2024 ناونووسین بۆ خوێندنی وانەی بژاردەی زمانی (کورمانجی و زازاکی) کوردی دەستیپێکرد و تاوەکو رۆژی 12-2-2024 بەردەوام دەبێت.
وانەی بژاردەی زمانی کوردی لە چوارچێوەی وانەکانی زمان و شێوەزارە زیندووەکان لە پۆلەکانی پێنجەم، شەشەم، حەوتەم و هەشتەمی ناوەندی دەخوێندرێت. زمانی کوردی بە هەردوو شێوەزاری کورمانجی و زازاکی دەخوێندرێت. لە رۆژی 30ی کانوونی دووەمەوە ناونووسین دەستیپیکردووە و هاونیشتمانیان دەتوانن تاوەکو رۆژی 12ی شوبات منداڵەکانیان ناونووس بکەن.
بەگوێرەی رێنماییەکانی وەزارەتی پەروەردە، لە قوتابخانەیەکدا ئەگەر 10 قوتابی داوای هەمان وانەی بژاردە بکەن، مامۆستایان بۆ تەرخان دەکرێت. بەڵام ئەگەر کەمتر لەو ژمارەیە بێت، ئەو وانەیە ناخوێندرێت.
ساڵانی پێشووش یەکێک لە ئاستەنگەکانی بەردەم خوێندنی وانەی کوردی، ئەو ژمارەیە بوو کە لە زۆر قوتابخانەدا بەهۆی ئەوەی کەمتر لە 10 قوتابی داوایان کردبوو، نەخوێندرا. هەروەها کەمیی ژمارەی مامۆستایانی زمانی کوردیش یەکێکی دیکەیە لە ئاستەنگەکان. پێشکێشکردنی داواکاری بۆ خوێندنی وانەی بژاردەی زمانی کوردی، لەڕێی ئۆنڵاین و سەردانیی قوتابخانەکانەوە دەکرێت.
لە زانکۆکانی وان، مێردین. مووش، چەولیگ و دێرسیم، زمانی کوردی دەخوێندرێت. تائێستا زیاتر لە دوو هەزار خوێندکار بەشی کوردییان تەواوکردووە، بەڵام کەمتر لە 100 مامۆستا دامەزراون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ