پار 394 ژن لە تورکیا و باکووری کوردستان بەدەستی پیاوان کوژراون

03-01-2025
دیار سلێمان
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

پلاتفۆرمی ''کوشتنی ژنان دەوەستێنین'' لە تورکیا دەڵێت، پار 394 ژن لە باکووری کوردستان و تورکیا بەدەستی پیاوان کوژراون و 259 ژنیش بە شێوەی گوماناوی گیانیان لەدەستداوە.
 
پلاتفۆڕمەکە رۆژی هەینی، 3ی کانوونی دووەمی 2025 لە هەژماری فەرمیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس، راپۆرتی ساڵی 2024ی پەیوەست بە کوشتنی ژنانی لە تورکیا و باکووری کوردستان بڵاوکردەوە.
 
بەگوێرەی ئاماری پلاتفۆرمەکە، 280 ژن لەلایەن هاوژین، باوک، کوڕ یان خزمێکیانەوە کوژراون؛ 19 کچیش لەلایەن باوکیانەوە کوژراون، کە 9یان لەگەڵ دایکیان بوون و پێكەوە کوژراون.
 
لەبارەی هۆکاری کوژرانەکان، پلاتفۆرمەکە دەڵێت، 111 ژنیان بەهۆی داوای جیابوونەوە، رازینەبوون بە ئاشتبوونەوە، رەتکردنەوەی پێکهێنانی ژیانی هاوژینی و رەتکردنەوەی دروستکردنی پەیوەندیی خۆشەویستییەوە کوژراون.
 
هەر بە گوێرەی پلاتفۆرمەکە، 21 ژنیان، بەهۆی گوزەرانی ئابووری و دوویان بەهۆی رق و کینەوە کوژراون، هۆکاری کوژرانی ئەوانی دیکەش نەزانراوە.
 
پلاتفۆرمەکە باس لەوە دەکات، 72 ژنیان تەمەنیان لە خوار 18 ساڵییەوە بووە.
 
لەبارەی چۆنێتی کوژرانیان، پلاتفۆرمەکە ئەوەی خستووەتەڕوو، 222یان بە دەمانچە، 113یان بە چەقۆ و شتی هاوشێوە، 33یان بە خنکاندن، 14یان بە لێدان، سێیان بە سووتاندن، یەکێکیان بە فڕێدان لە شوێنی بەرزەوە و چۆنییەتی کوژرانی حەوت ژنیش دەستنیشان نەکراوە.
 
هەر بە گوێرەی پلاتفۆرمەکە، 226 ژنیان لە ماڵی خۆیان، 76یان لە شەقام، 18یان لە چۆڵەوانی، 13یان لە شوێنی گشتی، 13یان لەنێو ئۆتۆمبێل، 10یان لە شوێنی کار، شەشیان لەنێو ئاو و لە کەناری ئاو، چواریان لە هۆتێل، سێیان لە یانەی شەوانە، پێنجیان لە شوێنی دیکە کوژراون؛ شوێنی کوژرانی 20 ژنەکەی دیکە دەستنیشان نەکراوە.
 
ئەوەش لە کاتێکدایە، بەگوێرەی ئاماری پلاتفۆرمەکە، لە ساڵی 2023دا لە تورکیا و باکووری کوردستان 315 ژن بەدەستی پیاوان کوژراون و 248 ژنیش بەشێوەی گوماناوی گیانیان لەدەستداوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

کاتی رزگارکردنی کۆچبەرەکان ئیزمیر. وێنە:A A

لە تورکیا 107 کۆچبەر دەستبەسەرکران و 49ـی دیکەش رزگارکران

لە ئۆپەراسیێنێکی هێزە ئەمنییەکانی تورکیادا لە کەناراوەکانی چەند شارۆچکەیەکی ئیزمیر، 107 کۆچبەر دەستبەسەرکران و 49 کۆچبەریش دوای ئەوەی بەلەمەکەیان پەکیدەکەوێت، رزگار دەکرێن.