شاندی دەم پارتی پەیامی ئۆجەلان بە لایەنە سیاسییەکانی تورکیا دەگەیێنێت

 
رووداو دیجیتاڵ 

لەدوای کۆبوونەوەی شاندی دەم پارتی و عەبدوڵڵا ئۆجەلان لەسەر پرسی چارەسەریی دۆزی کورد، کۆبوونەوە و دانوستاندن لەو بارەیەوە لە پەرلەمانی تورکیا بەردەوامن. 
 
شاندی دەم پارتی کە لە پەروین بوڵدان و سری سورەییا ئۆندەر پێکدێت، لەگەڵ ئەحمەد تورک، سیاسەتڤانی کورد، لەسەر داوای  عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە پەرلەمانی تورکیا لەگەڵ نوعمان کورتوڵموش، سەرۆکی پەرلەمان و دەولەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە کۆبوونەوە. 
 
ئەم کۆبوونەوانە هیوای چارەسەرکردنی پرسی کورد لەنێو کۆمەڵگەشدا بەرزدەکاتەوە. 
 
دیادین فورات، پەرلەمانتاری دەم پارتی دەڵێت: "لە سیاسەت دا دەبێت زەمینەی دانوستاندن و گفتوگۆ بمێنێت. ئەوەش دەبێت درێژخایەن بێت، ئەگەر سیستمێکی درێژخایەن نەبێت، ئەنجامی نابێت. ئەمڕۆ لەگەڵ سەرۆکی ئەنجوومەن کۆدەبنەوە و دواتر لەگەڵ سەرۆکی مەهەپە کۆدەبنەوە. شاندەکە، شاندەکەی ئیمراڵییە. ئەحمەد [تورک]ـیشیان خستە نێو شاندەکەوە. ئینجا ئەحمەد [تورک] هەم قەیوومیان داناوەتە سەر و هەمیش مانی گرتووە. بەمشێوەیە نابێت." 
 
هەرچەندە هیچ راگەیێندراوێک لەدوای هەردوو کۆبوونەوەکەی شاندی دەم پارتی بڵاونەکرانەوە، لەبارەی نێوەڕۆکی کۆبوونەوەکانەوە دەگوترێت کە داواکاری و ئامادەیی عەبدوڵڵا ئۆجەلان بۆ پارتە سیاسییەکانی نێو پەرلەمان باس دەکرێن. 
 
لەبەر ئەوەی ئۆجەلان و پارتە سیاسییەکانیش لایەنگری ئەوەن کە دانوستاندنەکان لە پەرلەمان بکرێن، ئەم کۆبوونەوانەش وەکو هەنگاوی سەرەتایی دەبینرێن. یەکێک لە جیاوازییەکانی ئەم پرۆسەیە بەراورد بەوانی پێشوو، ئەوەیە کە بەبێ شاندی جیا و لیژنەی بیرمەندان، گوتوبێژەکان بەشێوەیەکی راستەوخۆ لەنێوان ئۆجەلان و دەوڵەتدا دەکرێن.
 
ئەحمەد فارووق ئوساڵ، پەرلەمانتاری پێشووی تورکیا و ئەندامی لیژنەی بیرمەندان دەڵێت: "لە پرۆسەکانی پێشوو، کەسێکی دەسەڵاتدار نەبوو پشتگیری لێ بکات، بەڵام ئێستا ئەو کەسە زۆرترین ئەگەری دژایەتیکردنی هەیە. واتە دەولەت باخچەلی بە بانگەوازێک دەستی بە پرۆسەکە کردووە. بەهۆی ئەوەوە، لێرە دا، چ لە هەموو تورکیا و چ لە پەرلەمان، شاندێک کە قورسایی هەیە، ئاگاداری پرۆسەکە دەبێت. بێگومان تێکەڵکردنی پەرلەمان لەگەڵ پرۆسەی چارەسەری، زۆر گرنگە. لە پێشهاتەکانی سووریاش لە ئەنجامدا جێگەیەکی گرنگیان هەیە."
 
شاندی دەم پارتی بۆ کۆبوونەوەکان، داواکاریی پێشکێشی هەموو پارتە سیاسییەکانی دیکەی پەرلەمان کردووە. چاوەڕوان دەکرێت، لەدوای کۆبوونەوەکان، راگەیێندراوێکی گشتی لەبارەی بەڕێوەچوونی پرۆسەکە بۆ رای گشتی رابگەیێندرێت. بەڵام تاوەکو ئێستا دیار نییە، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا لەگەڵ شاندی دەم پارتی کۆدەبێتەوە یاخود نا. 
 
بەگوێرەی زانیارییەکان، لەدوای کۆتاییهاتنی زنجیرە کۆبوونەوەکانی دەم پارتی، شاندی ئیمراڵی جارێکی دیکە بچێتەوە دوورگەکە و لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان کۆببێتەوە.