رووداو دیجیتاڵ
وەزیری دادی تورکیا دەڵێت، شەڕی نێوان سوپای وڵاتەکەی و پارتی کرێکارانی کوردستان دووچاری زەحمەتیی زۆری کردوون؛ ئاماژە بەوەش دەکات کە ''لە دەستپێکی تورکیایەکی بێ تیرۆرداین''.
یڵماز تونچ، وەزیری دادی تورکیا رۆژی هەینی، سێی کانوونی دووەمی 2025، لە گوتەیەکدا لە ئیزمیر گوتی، وڵاتەکەی نزیکەی 50 ساڵە لەگەڵ پەکەکە لە شەڕدایە و رایگەیاند: ''لەو ماوە درێژەدا وڵاتەکەمان دووچاری زۆر زەحمەتی بووەوە" و چەندین سەرباز و هاووڵاتیی سڤیل کوژران.
وەزیری دادی تورکیا ئاماژەی بە ئۆپەراسیۆنەکانی سوپای وڵاتەکەی بۆسەر پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)، کرد و گوتی: ''بە مەبەستی رێگریکردن لە گەیشتن بە مەرامەکانیان، هەنگاوی رژدمان ناوە و دەنێین''.
ئەو وەزیرە لەبارەی دۆخی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بەگشتی و سووریا بە تایبەتی ئاماژەی بەوە کرد، ''بە دۆخێکی مێژووییدا تێدەپەڕین. لەگەڵ سەربەخۆبوونی سووریا، ئەو رێکخراوە تیرۆریستییانەش کە بوونەتە ئامرازی دەستی هێزە جیهانییەکان، گەیشتوونەتە قۆناخی نەمان و کۆتاییهاتن.''
تونچ باسی لەوەش کرد، ''لە دەستپێکی تورکیایەکی بێ تیرۆرداین. بە سەرۆکایەتیی سەرۆککۆمارمان، بێ وچان هەوڵ دەدەین وڵاتەکەمان لە تیرۆر پاکبکەینەوە. سەت ساڵەی تورکیا دەبێتە سەت ساڵەی دادپەروەری و تورکیایەکی بێ تیرۆر''.
وەزیری دادی تورکیا جەختی لە پاراستنی ئاسایشی وڵاتەکەی کردەوە و گوتی: ''بەرەی نێوخۆ بەهێزتر دەکەین''.
بابەتی ''بەرەی نێوخۆ'' لە تورکیا، دوای دەستپێکردنی شەڕ و گرژییەکانی غەززە و ئیسرائیل، دواتریش ئیسرائیل لەگەڵ لوبنان و ئێران، بووە رۆژەڤ.
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا رۆژی 30-08-2024، لە گوتارێکدا گوتی، ''کاتێک سەیری رووداوەکانی ئەمڕۆ دەکەین، بۆمان دەردەکەوێت کە بەرەی نێوخۆ بۆ گەلێک چەندە گرنگە.''
ئەردۆغان هەروەها رۆژی 01-10-2024، لە گوتارێکدا لە پەرلەمانی وڵاتەکەی ئاماژەی بەوە دا، ''ئیسرائیل دوای فەلەستین و لوبنان، چاودەبڕێتە خاکی ئێمە''.
دوای رووخانی دەسەڵاتی بەشار ئەسەد لە رۆژی 08-10-2024، گرنگیی بەرەی نێوخۆ لەلایەن حکومەتی تورکیاوە جەختی لێ دەکرێتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ