رووداو دیجیتاڵ
رێکخراوە پیشەییەکانی پزیشکی خێزانی لە تورکیا دەڵێن، کۆبوونەوەکانیان لەگەڵ وەزارەتی تەندروستی و بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستی پارێزگاکان بێ ئەنجام بووە، بەو هۆیەوە لە رۆژانی 6-10ـی ئەم مانگە بە پاڵپشتی کۆمەڵەی پزیشکانی تورکیا مان دەگرن و هەنگا و هەنگاو دەست لە کار هەڵدەگرن.
کۆمەڵەی پزیشکانی تورکیا و رێکخراوە تەندروستییەکانی کرێکاری- پیشەیی رۆژی پێنجشەممە، دووی کانونی دووەم، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا لە ئەنقەرە، رای گشتییان لە بارەی مانگرتنەکە ئاگادارکردەوە.
ئاڵپای ئازاپ، سەرۆکی ئەنجومەنی ناوەندیی کۆمەڵەی پزیشکانی تورکیا رایگەیاند، لە کۆبوونەوەکانیان لەگەڵ وەزارەتی تەندروستی و بەڕێوەبەرایەتییەکانی تەندروستی پارێزگاکان نەگەیشتوونەتە هیچ ئەنجامێک.
بە گوتەی ئازاب، شوایب بیرینجی بریکاری وەزیری تەندروستی بە "هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەکانیان" هەڕەشەی لەو کارمەندانی تەندروستی کردووە کە ئەندامی یەکێتیی سەندیکای پزیشکانن.
پزیشکانی خێزان لە رۆژانی 5-7ـی تشرینی دووەمی 2024 مانیان گرت و داوای کشانەوەی پەیڕەوی نوێی گرێبەستی پزیشکانی خێزان و پارەدانیان لە وەزارەتی تەندروستی کرد، بەڵام پەیڕەوەکە لەلایەن وەزارەتەوە خرایە واری جێبەجێکردنەوە.
پزیشکانی خێزانی ئاماژە بەوە دەدەن تەواوی بارگرانیی رێساکە خراوەتە سەر ئەو کارمەندانەی تەندروستی کە لە چاودێری سەرەتاییدا کاردەکەن و داوای هەڵوەشاندنەوەی رێساکە دەکەن.
بڕیارە ئەو کارمەندانەی لە بواری تەندروستی سەرەتاییدا کاردەکەن رۆژی شەشی ئەم مانگە، مان بگرن و ئەوانەی لە بواری تەندروستی لاوەکی کاردەکەن رۆژی هەشتی مانگ مان بگرن.
کارمەندانی تەندروستی، لە یەکەم رۆژدا لەبەردەم بەڕێوەبەرایەتییە تەندروستییەکانی پارێزگاکان کۆدەبنەوە، رۆژی هەشتی مانگ لە بەردەم نەخۆشخانەکانەوە گوتار دەدەن و پەیامی خۆیان ئاراستەی وەزارەتی تەندروستی دەکەن. ناڕەزایەتی کارمەندانی تەندروستی، رۆژی هەینی 10ـی کانوونی دووەم کۆتایی دێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ