هەڵبژاردن تەوەری کۆبوونەوەی فراکسیۆنەکانی پەرلەمانی تورکیا بوو

03-01-2023
هەوار ئیسماعیل
هەڵبژاردنی پەرلەمانی و سەرۆکایەتیی تورکیا بڕیارە لە 18 ـی حوزەیرانی ئەمساڵ بکرێت
هەڵبژاردنی پەرلەمانی و سەرۆکایەتیی تورکیا بڕیارە لە 18 ـی حوزەیرانی ئەمساڵ بکرێت
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

تورکیا پێی نایە ئەو ساڵەوە کە هەڵبژاردنی تێدا دەکرێت، دەسەڵات لە بەرامبەر  پێداگرییەکانی ئۆپۆزیسیۆن، بەردەوام رەتیدەکردەوە هەڵبژادنی پێشوەختە بکرێ، بەڵام ئێستا خۆی ئەو بابەتە دەوروژێنێ. 
 
"هەڵسەنگانیش وەک ئاماژەم پێدا، هەڵسەنگاندنێک نییە بە واتای هەڵبژاردنی پێشوەخت، هێنانە پێشەوەی رۆژی هەڵبژاردنە." ئەمە هەڵوێستی پارتی دەسەڵاتداری تورکیایە لەبارەی هەڵبژاردنی پێشوەختە کە لەلایەن عومەر چەلیک، گوتەبێژی ئاکپارتی راگەیێندرا. 
 
سەرۆکی مەهەپە لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی پارتەکەی، بۆ یەکەمجار گڵۆپی سەوزی بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختە هەڵکرد.
 
دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە رایگەیاند، "هەڵبژاردنی گشتیی سەرۆککۆمار و پەرلەمان، لە کاتی خۆیدا بکرێت یان پێشتر، ئێمە بۆ هەردوو بژارەکە هەین و ئامادەین. ئەو پارتانەی مێزی شەش حیزبییان پێکهێناوە بەگەرمی دەڕواننە ئەنجامدانی هەڵبژاردن بەر لە شەشی نیسانی 2023 و بۆ دواتر بیانوو دەهێنێتەوە. ئەمە هەڵوێستێکی هاوسەنگ و دیموکراسییانە نییە. ئێمە لەمانە تێنەگەیشتین، لە دوورەوە پیاون، یان لە پیاوەتییەوە دوورن؟ دیار نییە." 
 
فراکسیۆنی هەدەپەش بە سەرۆکایەتی پەروین بوڵدان کۆبووەوە. بوڵدان باسی لە هەوڵەکانی دەسەڵات کرد بۆ داخستنی هەدەپە و داوای لە دادگەی دەستوور کرد ئەو داواکارییە رەتبکاتەوە کە داواکاری گشتی بۆ بڕینی هاوکارییەکانی خەزێنە لەسەر هەدەپە پێشکێشی کردووە. 
 
پەروین بوڵدان، هاوسەرۆکی هەدەپە رایگەیاند، "ئاکپارتی چوار ترسی هەیە، ئاکپارتییەک هەیە کە لە هەدەپە دەترسێ، ئاکپارتییەک هەیە کە لە ژن دەترسێ، ئاکپارتییەک هەیە کە لە ئیستەنبووڵ دەترسێ، هەروەها ئاکپارتییەک هەیە کە لە حوزەیران دەترسێ. با بەردەوام بترسن، هەدەپە دێت، حوزەیران دێت، ژنان دێن و دەبنە خاوەن ئیرادەی ئیستەنبووڵ." 
 
لە کۆبونەوەی فراکسیۆنی جەهەپەشدا کەمال کڵچدارئۆغڵو باسی "بە ناهەق زیندانیکردنی" سەڵاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆکی پێشووتری هەدەپە کرد و لە بابەتی گەورەشارەوانی ئیستەنبووڵدا کە بەتۆمەتی تیرۆر لێکۆڵینەوەی لەگەڵ دەکرێ، دەسەڵاتی  بە پلانگێڕی تۆمەتبار کرد. 
 
سەرۆکی جەهەپە رایگەیاند، "کاتیک سندووق هات، دەڕۆین و کۆتایی دەهێنین بە دەسەڵاتی زۆردار، با کەس نیگەران نەبێت. ئەگەر لە بەرامبەر سەرۆک ئەکرەم درێژە بەم پلانگێڕییە بدەن، خوا نەخواستە بکەونە نێو هەوڵێکی گەمژەیی دانانی قەیوم، ئەمە وەک تیرۆریزمێک دەیبینین کە دیکتاتۆرێک بەرامبەر بە گەلەکەی ئەنجامی دەدات. دژی ئەم تیرۆریزمە ئێمە بە هەموو شێوەیەک دەجەنگین. ئەگەر هەوڵی ئەم کارە بدەن کەس چاوەڕێی سەبرێکی زیاتر لە کاک کەمال نەکات." 
 
هەڵبژاردنی پەرلەمانی و سەرۆکایەتیی تورکیا بڕیارە لە 18ـی حوزەیرانی ئەمساڵ بکرێت. بۆ ئەوەی بڕیاری هەڵبژاردنی پێشوەخت بدرێت، پێویستە 360 پەرلەمانتار دەنگی پێبدات، یان سەرۆککۆمار بە پشتبەستن بەو دەسەڵاتەی دەستوور پێیداوە، پەرلەمان هەڵبوەشێنێتەوە و هەڵبژاردن بکرێتەوە.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە