ئەردۆغان لەبارەی گرژییەکانی سووریا دەڵێت پێشتر پێشبینی و باسی کردووە

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
کۆسار عوسمان @KassoOsman
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
سەرۆککۆماری تورکیا دەڵێت، وڵاتەکەی لە نزیکەوە چاودێریی پێشهاتەکانی سووریا دەکات و ئەوەی پێویستە دەیکات.
 
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا، رۆژی دووشەممە 2-12-2024، لە ئەنقەرە پێشوازیی لە جاکۆڤ میلاتۆڤیچ، سەرۆککۆماری مۆنتینیگرۆ کرد. ئەردۆغان دوای کۆبوونەوە لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا باسی لە دۆخی سووریا و ناوچەکە کرد.
 
سەبارەت بە هێرشی هێزەکانی تەحریر شام و گرژییەکانی سووریا، ئەردۆغان گوتی: "ئێمە وەکو تورکیا، ئەوەی بکەوێتە سەر شانمان بۆ کوژاندنەوەی ئەو ئاگرەی لە ناوچەکەماندا هەڵگیرساوە، هاوشێوەی دوێنێ، ئەمڕۆش ئامادەین. زۆر لە نزیکەوە چاودێریی ئەو رووداوانە دەکەین کە لە چەند رۆژی رابردوودا لە سووریای دراوسێمان کتوپڕ روویاندا. چ وەزیری دەرەوەمان، چ سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی نیشتمانیمان، بەردەوام لەگەڵ هاوتاکانیان لەسەر هێڵن و راوێژ دەکەن".
 
سەرۆککۆماری تورکیا هەروەها باسی لەوە کرد، ئەوان دەمێکە دەڵێن ئەگەر هەیە ئەو پشێوییەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست کاریگەری لەسەر سووریاش ببێت. هەروەها گوتی، دوایین رووداوەکان دەریدەخەن "تورکیا لەسەر حەق بووە لەم هۆشدارییەی".
 
ئەردۆغان هەروەها جەختیکردەوە سات بە سات چاودێریی دۆخەکە دەکەن و ئارامیی سنوورەکانی تورکیا بە لەپێشینەی کارەکانیان دەزانن. گوتیشی، رێوشوێنی پێویست دەگرنەبەر بۆ ئەوەی رووداوی دیکەی جیاواز روونەدەن. هەروەها گوتی: "گەورەترین هیوامان ئەوەیە، یەکێتیی خاکی سووریا بپارێزرێت و ئەو ناسەقامگیرییەش کە 13 ساڵە هەیە، لە چوارچێوەی داواکاریی رەوای خەڵکی سووریا لەڕێی دانوستاندنەوە کۆتایی بێت".
 
دەستەی تەحریر شام کە گرووپێکی چەکداریی ئۆپۆزیسیۆنی سووریان، لە 27ی تشرینی دووەمەوە دەستی بە هێرشێک کرد و ئێستا تەواوی حەلەب و دەوروبەری کۆنترۆڵ کردووە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە