رووداو دیجیتاڵ
یاریدەدەری سەرۆککۆماری تورکیا سەبارەت بە پێشهاتەکانی چەند رۆژی رابردووی سووریا، پەیامێک بۆ هەسەدە دەنێرێت و دەڵێت، لە هیچ لایەن و گرووپێکی قبووڵ ناکەن دۆخەکە لە دژی خاک و گەلی تورکیا بقۆزێتەوە.
جەودەت یڵماز، یاریدەدەری سەرۆککۆماری تورکیا، لە هەشتەمین کۆنگرەی رێکخستنەکانی ئاکپارتی لە شارۆچکەی ماماک لە ئەنقەرە ئەو قسانەی کرد. گوتیشی، "وەک تورکیا لەنزیکەوە چاودێری پێشهاتەکانی سووریا دەکەین. لەڕووی دیپلۆماسییەوە هەوڵەکانمان خستوونەتەگەڕ."
یاریدەدەری سەرۆککۆماری تورکیا لە ئاماژەیەکی بۆ هەسەدە رایگەیاند، "هەر لەبارەی سووریاوە، یەکێک لە خاڵە هەستیارەکانمان ئەوەیە، هەر جۆرە رەفتار و جموجۆڵێکی هەر پێکهاتە و لایەنێک لە دژی خاک و گەلی تورکیا و مانەوەمان بکرێت، قبووڵی ناکەین و رێگەشیان پێنادەین. پێویستە هەمووان ئەمە باش بزانن."
یڵماز، تیشکی خستەسەر سیاسەتی وڵاتەکەی لەبارەی سووریا و رایگەیاند: "تورکیا لەم چوارچێوەیەدا لەگەڵ یەکپارچەیی خاک و سەروەریی سووریایە. تورکیا چاوی لەوەیە دراوسێیەکی ئارام و سەقامگیری هەبێت. هەروەها دەخوازێت هاووڵاتییانی سووریایی بە سەرجەم پێکهاتەکانیانەوە لە ئارامیدا بژین. لەمەودواش پشت بە خوا لەسەر هەمان تێگەیشتن بەردەوام دەبین."
لە رۆژی 27ـی تشرینی دووەمی 2024ـەوە، دەستەی تەحریری شام هێرشێکی لەناکاوی کردە سەر شاری حەلەب و رۆژی هەینی رابردوو کۆنترۆڵکردنی شارەکەی راگەیاند. بەڵام گەڕەکەکانی ئەشرەفییە و شێخ مەقسوود، تاوەکو ئێستاش (02.12.2024) لە ژێر کۆنترۆڵی هەسەدە دایە.
یەکى کانوونى یەکەمى 2024، بەڕێوەبەرایەتى ئۆپەراسیۆنى سەربازی سەر بە دەستەى تەحریرى شام پەیامێکى ئاراستەى هێزەکانى سووریاى دیموکرات (هەسەدە) کرد.
لە پەیامەکەدا ئاماژەیان بەوە کردووە کە ئەوان شەڕ لە دژى دەسەڵاتى بەشار ئەسەد دەکەن و گرووپە چەکدارە ئێرانییەکان لە شار و گوندەکانیان دوور دەخەنەوە. پێشنیازى ئەوە بۆ هەسەدە دەکات کە بە چەکەکانیانەوە لە شارى حەلەب دەربچن و بەشێوەیەکى پارێزراو بەرەو باکوورى رۆژهەڵاتى سووریا بچن.
ئەمە لەکاتێکدایە کە هەمان زانیاری ئاماژە بەوە دەکات کە گرووپەکان رێگەی سەرەکی باب سەلامە - عەزاز - حەلەبیان گرتووە و گەیشتوونەتە دەروازەی شاری تەلڕەفعەت.
ئەمڕۆ دووشەممە، 02.12.2024، مەزڵوم عەبدی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسی: "رووداوەکان لە باکووری رۆژئاوای سووریا بەشێوەیەکی خێرا و چاوەڕواننەکراو پەرەیان سەند. هێزەکانمان لە ژمارەیەک بەرەوە رووبەڕووی هێرشی چڕ بوونەوە."
مەزڵوم عەبدی دەڵێت: "لەگەڵ داڕووخان و کشانەوەی سوپای سووریا و هاوپەیمانەکانی، بۆ کردنەوەی رێڕەوێکی مرۆیی لە نێوان ناوچەکانمان لە رۆژهەڵات و حەلەب و تەلڕەفعەت، دەستوەردانمان کرد بۆ ئەوەی گەلەکەمان لە کۆمەڵکوژی بپارێزین، بەڵام هێرشی ئەو گرووپە چەکدارانەی داگیرکاری تورک پشتیوانییان دەکات، ئەو رێڕەوەیان پچڕاند."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ