رووداو دیجیتاڵ
کاردانەوەکان دوای دەستبەسەرکردنی سەرۆکی شارەوانیی شارۆچکەی ئەسەنیورت لە ئیستەنبووڵ کە سەر بە جەهەپە-یە و دانانی قەیووم، بەردەوامە. سەرۆکی جەهەپە، دەسەڵات بەوە تۆمەتبار دەکات کە درێژە بە کارە نادەستوورییەکان دەدات و لە رێگەی دادگەوە تۆڵە لە نەیارانی دەکاتەوە.
ئەمڕۆ شەممە، 2ـی تشرینی دووەمی 2024، ئۆزگور ئۆزەل، سەرۆکی جەهەپە، لەکاتی بەشداریکردنی لە چالاکییەکی سەرۆکایەتیی گەورەشارەوانیی ئیستەنبووڵ، گوتارێکی پێشکێش کرد و تیشکی خستەسەر دەستگیرکردنی ئەحمەد ئۆزەر، سەرۆکی شارەوانیی ئەسەنیورت کە خەڵکی پارێزگای وانی باکووری کوردستانە.
ئۆزگور ئۆزەل رایگەیاند، "کاردانەوەکان رۆژ دوای رۆژ گەورەتر دەکەین و درێژە بە چالاکییەکانمان دەدەین لە دژی ئەو بڕیارە ستەمکارانەی دەسەڵات لە دژی نەیارانی دەیکات. دەسەڵات وەکو پیشەی هەمیشەیی بەردەوامە لە کارە نادەستووری و نایاساییەکانی. بەردەوامە لە هەوڵی دوورخستنەوەی نەیارانی و لە رێگەی دادگەوە تۆڵەی خۆی دەکات".
ئۆزگور رەخنەی تووندی ئاراستەی وەزیری ناوخۆی تورکیا کرد و رایگەیاند، "هێزە ئەمنییەکان کاژێر 5:00ـی بەیانی هەڵیانکوتایە سەر ماڵی پرۆفیسۆر دکتۆر ئەحمەد ئۆزەر و لە ژووری نووستن لە پاڵ هاوژینەکەی قۆڵبەستیان کردووە. ئەمە لەکاتێکدایە بەپێی رێکارە ئەمنییەکان، ئەم جۆرە هەڵکوتانانە تەنیا لە دۆخی دەستگیرکردنی خۆکوژێک دەکرێت کە خۆی بۆمبڕێژ کردووە، یان لە کاتی رزگارکردنی بارمتەکان دەکرێت".
جەختی لەوەش کردەوە، "پرۆفیسۆر دکتۆر ئەحمەد ئۆزەر، کەسایەتییەکی بەناوبانگی ئەم وڵاتەیە، بەر لەوەی ببێتە سەرۆکی شارەوانی، کەسایەتیی ئەکادیمی و مامۆستای زانکۆ بووە. وەزیری ناوخۆ چۆن بڕیاریداوە بەمشێوەیە هێزەکان هەڵبکووتنە سەر ماڵی؟ پرۆفیسۆر ئەحمەد ئۆزەر، کەسێکی رێزدارە و دەکرا داوایان بکردایە، خۆی دەچووە بنکەی پۆلیس و ئەوسا هەر رێکارێکتان بویستایە لە رووی یاسایی و بەئامادەبوونی پارێزەرانییەوە دەکرا."
سەرۆکی جەهەپە بە تووڕەییەوە ئەوەشی راگەیاند، ئەگەر فەتحوڵڵا گولەن لە ژیان بووایە، دەگەڕایەوە تورکیا و شانی ئێوەی ماچ دەکرد و پێی دەگوتن، ئەوەی بە ئێمە نەکرا، ئێوە زۆر زیاتر کردتان.
لەبارەی سکاڵای سەرۆککۆمار لە دژی سەرۆکی جەهەپە و سەرۆکی گەورەشارەوانیی ئیستەنبووڵ، ئۆزگور ئۆزەل رایگەیاند، "دەزانین لەم داوا یاساییەدا بە یەک ملیۆن لیرە (29 هەزار و 125 دۆلار) سزای پێبژاردن دەدۆڕێین؛ زۆر روونە. ئێستا لە سایەی دەسەڵات، بەر لەوەی دادوەر ئەنجامەکە لە دادگە بخوێنێتەوە، میدیای دەسەڵات بڵاوی دەکەنەوە. بەمدواییانە گوتیان، پرۆفیسۆر ئەحمەد ئۆزەر دەستگیر دەکرێت و قەیووم دەکرێت. کەمتر لە 24 کاژێر دەستگیرکرا و دوای 24 کاژێری دیکەش لە کارەکەی دوورخرایەوە و قەیوومیان بەسەریدا سەپاند."
پڕۆفیسۆر د. ئەحمەد ئۆزەر، سەرۆکی شارەوانیی ئەسەنیورت خەڵکی پارێزگای وانی باکووری کوردستانە. رۆژی چوارشەممە، 30ـی تشرینی یەکەم لە چوارچێوەی لێکۆڵینەوە لە ئەندامان و چالاکییەکانی پەکەکە دەستبەسەر کرا و ئێوارەی هەمان رۆژ بە تۆمەتی ئەندامیەتیی پەکەکە خرایە زیندانەوە.
رۆژی 31-10-2024 بە فەرمانی وەزیری ناوخۆ، جان ئاکسۆی، یاریدەدەری پارێزگاری ئیستەنبووڵ لە شوێنەکەی ئەحمەد ئۆزەر وەکو بریکار دەستبەکار بوو.
بەگوێرەی راگەیێندراوێکی وەزارەتی نێوخۆی تورکیا کە بەیانیی رۆژی پێنجشەممە، 31-10-2024، بڵاوکراوەتەوە، ئەحمەد ئۆزەر بە تۆمەتی "ئەندامیەتیی لە رێکخراوی پەکەکە-کەجەکە" لە زیندانە و دادگەیی دەکرێت.
وەزارەتی نێوخۆ راشیگەیاندووە بەگوێرەی یاسای ژمارە 5393ی شارەوانییەکان لە مادەی 127'ی دەستوور و وەکو رێوشوێنی کاتی، سەرۆکشارەوانیی ئەسەنیوڕت لە ئەرکەکەی دوورخرایەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ