هاوسەرۆکی دەم پارتی: چارەسەرنەکردنی پرسی کورد هۆکاری لاوازیی تورکیایە لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست

 
رووداو دیجیتاڵ

هاوسەرۆکی دەم پارتی دەڵێت، ئەگەر پێگەی تورکیا لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست لاواز بێت، هۆکارەکەی بۆ چارەسەرنەکردنی پرسی کورد دەگەڕێتەوە. ئاماژە بەوەش دەکات، "چارەسەرکردنی پرسی کورد نابێتەهۆی دابەشبوونی تورکیا."
 
تولای هاتیمئۆغوڵڵاری، هاوسەرۆکی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) دوێنێ هەینی بەشداری لە بەرنامەیەکی تەلەڤیزیۆنیدا کرد و لەبارەی چەند مژارێک قسەی کرد.
 
هاتیمئۆغوڵڵاری گوتی، تورکیا بە چارەسەرکردنی پرسی کورد دووچاری تەنگژە نابێت و رایگەیاند، "ئەگەر لەم وڵاتەدا کێشەی کورد نەبێت و هەموو هاووڵاتییان هەست بە یەکسانی بکەن و بە زمانی دایک بخوێنن، وڵات دابەشنابێت."
 
هاوسەرۆکی دەم پارتی باسی لە کاریگەریی خراپی چارەسەرنەکردنی پرسی کورد لە تورکیا کرد و گوتی، "ئەگەر ئەمڕۆ لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست تورکیا لاواز بێت و دووچاری قەیرانی ئابووری بووبێت، هۆکارەکەی ئەوەیە پرسی کورد چارەسەرنەکراوە."
 
هاوسەرۆکی دەم پارتی سەبارەت بە هەنگاوەکانی ئەم دواییەی ئاکپارتی و مەهەپە گوتی، "ئایا بەڕاستی چارەسەرکردنی پرسی کورد بەشێوەیەکی ئاشتیانە و دیموکراسییانە لە پشت ئەو هەنگاوەی ئەوان هەیە؟ تاوەکو ئیستا دڵنیا نین. ئێوە لەلایەک دەستتان درێژ دەکەن (تەوقە دەکەن) و لەلایەکی دیکەوە شەق و زللە دەوەشێنن. پرۆسەی چارەسەری بەو شێوەیە نابێت."
 
هاتیمئۆغوڵڵاری جەختی لە پاڵپشتیی پارتەکەی بۆ پرۆسەی چارەسەری کردەوە و گوتی، "ئەگەر ئومێدێکی بچووکیش هەبێت، ئێمە دەمانەوێت ئەو ئومێدە گەورە بکەین. کێشەی کورد بە چەک و شەڕ چارەسەر نابێت. پێویستە شەڕوپێکدادان کۆتایی بێت و پرۆسەیەکی ئاشتی و دیموکراسییانە دەستپێبکات."
 
دەوڵەت باخچەلی سەرەتای مانگی رابردوو لەگەڵ ژمارەیەک لە پەرلەمانتارانی دەم پارتی تەوقەی کرد و رۆژی 22-10-2024 ش لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی پارتەکەیدا داوای کرد عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە بچێتە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی دەم پارتی لە پەرلەمان و هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە رابگەیێنێت و بەو جۆرەش شەڕی نێوان پەکەکە و سوپای تورکیا کە زیاتر لە 40 ساڵە بەردەوامە کۆتایی پێ بێنێت.
 
رۆژی 30-10-2024یش رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا لەبارەی ئەو بابەتە قسەی کرد و گوتی، "ئەگەر خوا تەمەن و دەرفەت بدات، نیازمان هەیە ئەم پرسە (پرسی کورد) لە رۆژەڤی وڵاتەکەمان بە تەواوی دەربهێنین و تاج بخەینە سەر 40 ساڵەی سیاسیمان کە بە خزمەتی گەل تێپەڕیوە."