رووداو دیجیتاڵ
لە باکووری کوردستان و تورکیا 14 سەندیکای پەروەردەیی کە 300 هەزار ئەندامیان هەیە، لە دژی یاسای پیشەی مامۆستایەتی رۆژێک بایکۆت رادەگەیێنن.
ئەو مامۆستایانە داوای چارەسەرکردنی کێشەکانیان دەکەن و بەپێی ئەو پلانەی دایانڕشتووە، ئەمڕۆ چوارشەممە، 2-11-2022، لە باکووری کوردستان و تورکیادا، ئەو 14 سەندیکایە بە 300 هەزار ئەندامەوە بایکۆتی دەوام دەکەن.
هۆکاری سەرەکیی ئەو بایکۆتە، یاسایەکە کە لەڕێیەوە مامۆستایان لەڕووی میلاکەوە جیادەکاتەوە بۆ مامۆستای سەرەکی و مامۆستای پسپۆڕ. ئەمەش ناڕەزایی مامۆستایانی لێکەوتووەتەوە و دەگوترێت کە ئەم جیاکارییە نابەجێیە.
سەندیکای پەروەردەیی و زانستی (ئەیتیم سەن) پشتگیریی ئەو 14 سەندیکایەی کرد و داواکانی بە رەوا ناوبردن و جەختیکردەوە کە پێویستە کێشەکانی مامۆستایان چارەسەر بکرێن. هەروەها سەندیکای تورک-ئەیتیم سەن کە بە نزیکی لە پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی -مەهەپە دەناسرێت رایگەیاندووە: "ئێمە بەشداریی لە بایکۆتەکەدا ناکەین".
زولگوف گونەش، هاوسەرۆکی سەندیکای ئەیتیم-سەن لە ئامەدی باکووری کوردستان پشتگیریی خۆی بۆ چالاکی و ناڕەزاییەکان نیشاندا و رایگەیاند، پێویستە ئەو یاسایەی کە لەگەڵ بەرژەوەندیی مامۆستایاندا ناگونجێت، هەڵبووەشێندرێتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ