ئەردۆغان: دەرگامان بۆ پێشنیاز و بیرۆکەی لایەنەکان لەبارەی دەستووری نوێ واڵایە

02-10-2024
کۆسار عوسمان @KassoOsman
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

لە یەکەمین دانیشتنی پەرلەمانی تورکیادا دوای دوو مانگ پشوو، رەجەب تەیب ئەردۆغان باسی لە گرنگیی هەبوونی دەستوورێکی نوێ بۆ وڵاتەکەی کرد و گوتی، پێشنیاز و بیرۆکەی تەواوی لایەنەکان وەردەگرن و گرنگییان پێدەدەن.
 
دوای دوو مانگ پشوو، رۆژی سێشەممە 01-10-2024 خوولی نوێی پەرلەمانی تورکیا دەستیپێکرد. کارنامە سەرەکییەکانی پەرلەمان بریتی بوون لە گفتوگۆکردن لەسەر یاسای پیشەیی مامۆستایان و پاکێجی نۆی دادوەری.
 
کاژێر 15:00ی دوای نیوەڕۆ بە سەرۆکایەتیی نوعمان کورتولموش، سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا خوولی 28ی پەرلەمانی تورکیا دەستیپێکرد.
 
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆمار بەشداریی لە دانیشتنەکەی پەرلەمان کرد و گوتارێکی پێشکێش کرد.
 
یەکێک لەو تەوەرانەی ئەردۆغان بە گرنگییەوە باسی لێوە کرد، نووسینەوەی دەستوورێکی نوێ بوو و گوتی، "بەو جۆرە ناکەین کە دەرگامان بەڕووی تەواوی بیرۆکەکانی دیکەدا دابخەین. لە قۆناخی ئامادەکردنی دەستووری نوێدا رێز لە تەواوی بیرۆکە تازەکان دەگرین؛ بە گرنگییەوە گوێ لە هەموو بیرۆکەیەکی نوێ دەگرین و هەڵسەنگاندن بۆ هەموو پێشنیازێکیش دەکەین. دەبێت دەستووری نوێ سازان دروست بکات، نەوەک دووجەمسەری، یەکگرتوویی دروست بکات نەوەک جیاکاری، ئازادی بهێنێت نەک قەدەخەکاری، هەورەها لە خاڵە هاوبەشەکاندا خۆی ببینێتەوە نەوەک خاڵە جیاوازەکانمان، ئەمانە پرەنسیپی بنەڕەتی و نەگۆڕاوی ئێمەن."
 
سەرۆککۆماری تورکیا هەروەها گوتی، "ئەو دەستوورەی ئێستا لە ساڵی 1982 لەژێر کاریگەریی چەک ئامادە کراوە و بۆ ئەمڕۆ گونجاو نییە و دەبێت دەستوورێکی سڤیل جێگەی بگرێتەوە."
 
ئەردۆغان ئاماژەی بەوەش کرد، "دەستووری نوێ دەبێت دەوڵەت و گەل یەک بخات، نەوەک لەیەکدییان دوور بخاتەوە."
 
دەستووری تورکیا ساڵی 1924 داڕێژرا و لە حەوت بەند، 177 مادە و 16 مادە پێکهاتووە و تاوەکو ئێستا 21 جار هەموارکراوەتەوە؛ هەمواری یەکەم لە ساڵی 1928 کرا و دواجاریش 2017 هەموارکرایەوە و لە رێگەی هەمواری 18 مادەی دەستوورەوە سیستمی پەرلەمانی بۆ سەرۆکایەتی گۆڕدرا. 
 
لە کودەتای سەربازیی 1980 بەسەرۆکایەتیی کەنعان ئێڤرەن، سوپاسالاری ئەوکات کە دواتر بووە سەرۆککۆمار، جگە لە چوار مادەی یەکەم، سەرجەم مادەکانی دەستوور سەرلەنوێ داڕێژرانەوە و بە رێژەی 91.37٪ی دەنگی خەڵک پەسند کرا.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا. وێنە: AA

ئەردۆغان لەبارەی دانانی قەییوم: لەگەڵ ئەو کەسانەی دەسەڵات بۆ خزمەت بەکاردەهێنن کێشەمان نییە

سەرۆککۆماری تورکیا لەبارەی دانانی قەییوم بۆ بەشێک لە شارەوانییەکانی باکووری کوردستان و تورکیا گوتی، ''کێشەمان لەگەڵ ئەوانەدا نییە کە دەسەڵات بۆ خزمەتکردنی گەل بەکاردەهێنن''.