فراکسیۆنی یەسەپە لەبارەی هێرشەکەی سەر بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی تورکیا: مایەی قبووڵکردن نییە
رووداو دیجیتاڵ
دوای هێرشە خۆکوژییەکەی بەردەم بارەگای بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئاسایشی تورکیا لە ناوچەی چانکایا لە ئەنقەرەی پایتەختی ئەو وڵاتە، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی سەوزی چەپ (یەسەپە) رایگەیاند "هێرشەکە مایەی قبووڵکردن نییە."
لەدوای دەستپێکی دانیشتنی یەکەمی وەرزی دووەمی 28ـەمین خولی پەرلەمانی تورکیا کە رۆژی یەکشەممە، 1ـی تشرینی یەکەمی 2023 بەڕێوەچوو، فراکسیۆنی یەسەپە بە سەرجەم ئەندامەکانییەوە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیی رێکخست و هەڵوێستیان لەبارەی هێرشە خۆکوژییەکەی بەردەم بارەگای بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئاسایشی تورکیا دەربڕی.
لە کۆنگرە رۆژنامەڤانییەکەدا، چیدەم کڵچگون، هاوگوتەبێژی یەسەپە کە هاوکات هاوسەرۆکی فراکسیۆنی یەسەپەیە گوتی "دەمەوێ رایبگەیێنم، ئەو هێرشەی روویدا، بەهەموو شێوەیەک مایەی قبووڵکردن نییە. ئێمە وەک سیاسەتڤانانی رێگەی دیموکراسی، لەلای هەمووان روونە کە زەوینەسازیکردن بۆ هەموو جۆرە تووندوتیژییەک لەم وڵاتەدا رەتدەکەینەوە."
چیدەم راشیگەیاند "هەموو هەوڵ و تواناکانمان دەخەینەگەڕ بۆ ئەوەی ژێرخانێکی پتەوی ئارامی و سەقامگیری دابمەزرێت. بۆ ئەمە خەباتمان کردووە و درێژە بە خەباتمان دەدەین. پێویستە زەوینەسازی بۆ هەمان دید و بۆچوون لە پەرلەمانیشدا بکرێت."
کاژێر 09:30ـی بەیانیی رۆژی یەکشەممە، 1ـی تشرینی یەکەمی 2023 هێرش کرایە سەر بارەگای بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئاسایشی تورکیا و لە ئەنجامدا دوو هێرشکارەکە گیانیان لەدەستدا و دوو پۆلیس بریندار بوو.
دوای رووداوەکە، هێزەکانی پاراستنی گەل (هەپەگە) هێرشەکەی لە ئەستۆگرت و لە راگەیێندراوێکدا ناسنامەی هێرشکارەکانی ئاشکراکرد و رایگەیاند، رۆژهات زیلان و ئەرداڵ شاهین کە "ئەندامی کەتیبەی فیدایی نەمران"ـن، ئەنجامیانداوە.
لە راگەیێندراوەکەی هەپەگەدا هاتووە "هێرشەکە وەکو ئەوەی پلانی بۆ داڕێژرابوو بەڕێوەچوو، ئاکەپە و مەهەپە زەرەر و زیانەکانی خۆیان لە رای گشتی دەشارنەوە، کەتیبەی فیدایی نەمران دەیانتوانی بە گۆڕانکارییەکی بچووک لە کاتی چالاکییەکە، ئەنجامی جیاوازتر بپێکین، بەڵام بە مەبەست ویستیان بەوجۆرە چالاکییەکە بکەن و پەیامێک بەو دامەزراوەیە بدەن."
لە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکەدا هاتووە "ئەم چالاکییە بەرپەرچدانەوەی تاڵانکاری و کۆمەڵکوژیی فاشیزمانەیە لە رۆژئاوای کوردستان، هاوکات وەڵامێکە بۆ بەکارهێنانی چەکی کیمیایی لە دژی گەریلا، ئەم چالاکییە بەتایبەتی لە رۆژی کرانەوەی پەرلەمان لەلایەن رۆژهات زیلان و ئەرداڵ شاهین ئەنجامدراوە."