28 ساڵ بەسەر کۆمەڵکوژکردنی 9 هاونیشتمانی لە مووش تێپەڕدەبێت؛ تاوانبار نەگیراوە

03-10-2021
کۆسار عوسمان @KassoOsman
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

28 ساڵ بەسەر سووتاندنی خانووی خێزانێکی کورد لە پارێزگای مووشی باکووری کوردستان تێپەڕدەبێت کە بووە هۆی گیانلەدەستدانی نۆ ئەندامی ئەو خێزانە. بۆ یەکەمجاریشە لە تورکیا فەرماندەیەک بە سووتاندنی خانووەکان وەک "تاوانبار" دەستنیشان دەکرێت.
 
3ی تشرینی یەکەمی 1993 چەند سەربازێک چوونە نێو گوندی ڤارتینیس و ئاگریان لە ماڵی خانەوادەی ئۆیوت بەردا. سەربازەکان کاژێر 03:00ـی شەو ئاگریان لە خانووەکە بەردا و لەوکاتەدا ناسر ئۆیوت و هاوژینەکەی بەناوی ئەشرەف ئۆیوت لەگەڵ 7 منداڵیان کە گەورەکەیان 14 ساڵ و بچووکەکەیان دوو ساڵ بوو، لە خەودا سووتان و گیانیان لەدەستدا. 
 
ئەو رووداوە لای شەقامی باکووری کوردستان و تورکیا بە [کۆمەڵکوژیی ڤارتینیس] دەناسرێت. 
 
تاکە ئەندامی رزگاربوو ئایسەل ئۆیوت هەوڵدەدات دۆسیەی بەکۆمەڵکوژکردنی خێزانەکەی لەبیرنەکرێت. ئایسەل ئۆیوت کە کچە گەورەی خێزانەکە بوو. ئەوشەوە لە ماڵی مامی خەوتبوو و تاکە رزگاربوونی خانەوادەکەیەتی. ئایسەل ساڵی 2013 واتا 20 ساڵ دوای رووداوەکە سکاڵای تۆمارکرد و بەدوای دۆسیەکەوەیە.
 
ئایسەل لە 28مین ساڵڕۆژی کۆمەڵکوژییەکە لەسەر گۆڕی خانەوادەکەیەوە قسەی بۆ تۆڕی میدیایی رووداو کرد و گوتی، "ئەفسەر بولەنت کارائۆغڵو هات و گوتی گوندەکە دەسووتێنم. سەربازان دەوری خانووەکەی ئێمەیاندا، بولەنت کارائۆغڵو ئەندامانی خێزانەکەمی بە کوشتدا و ئەو بکوژی ئەندامانی خێزانەکەمە."
 
لە دانیشتنی دادگایی ئەم کەیسەدا 10ـی حوزەیرانی 2015 داوای سزای زیندانیی 180-225 ساڵ بۆ 4 گومانلیکراوی دۆسیەکە کرا، بەڵام 1ـی ئاداری 2016 دوای تێهەڵچوونەوە هەریەک لە گومانلێکراوان؛ تورهان نوردۆغان، حەنیفی ئاکیڵدز و شەرافەددین ئوز بڕیاری بێتاوانییان بۆ دەرکرا. دوای ئەو بڕیارە خێزانی ئۆیوت هانایان بردە بەر دادگای دەستووریی تورکیا. 
 
بولەنت کارائۆغڵوش کە بڕیاری بێتاوانیی لەبارەوە دەرکرابوو، دادگای باڵا بەهۆی بوونی بەڵگەی زیندوو لەبارەی هەڕەشەکانی و گوتنی [ئەمشەو دێم گوندەکە دەسووتێنم] هەروەها بەهۆی ئەوەی بەرزترین پلەی سەربازەکان بوو و ئەو رێنمایی دابوو بۆ سووتاندنی خانووەکە، بڕیارەکەی هەڵوەشاندەوە. 
 
رۆژی 21ـی ئەیلوولی 2021 دادگای کڕککالێ بریاری زیندانیکردنی بۆ  بولەنت کارائۆغڵو دەرکرد، بەڵام زیاتر لە 10 رۆژ تێپەڕیوە و تاوەکو ئێستا ئەو دەستگیرنەکراوە.
 
هوئاد ئۆزگول، پارێزەری خانەوادەی ئۆیوت کە هاوکات سەرۆکی بارۆی بەدلیسە بە تۆڕی میدیایی رووداوی رایگەیاند کە ئەگەر تاوانبارێک حوکمی زیندانیی لەسەر درابێت و ئێستا بێ خەم بسووڕێتەوە و کەس دەستگیری نەکات، شوورەییە بۆ دەوڵەتی تورکیا.
 
ئێستا ماڵەکەی ئۆیوت لە گوندی ڤارتینیس لە سنووری مووشی باکووری کوردستان کراوەتە مۆزەخانە و کەلوپەلەکانیشی وەکو خۆی دانراوەتەوە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە