لە ئیزمیر چەند کەسێک سەربازێکی ئەمریکی دەگرن و کیسە دەکەنە سەری

رووداو دیجیتاڵ
ژمارەیەک ئەندامی یەکێتیی لاوانی تورکیا، سەربازێکی ئەمریکی دەگرن و کیسە دەکەنە سەری و دروشمی دژ بە ئەمریکا و ئیسرائیل-یان دەگوتەوە و ڤیدیۆکەشیان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکردەوە.
کاژێر 16:00ـی ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە، 2ـی ئەیلوولی 2024، لە بازاڕێکی شارۆچکەی کۆناک لە ئیزمیر-ی تورکیا، گرووپێکی سەر بە یەکێتیی لاوانی تورکیا، هێرشیان کردە سەر سەربازێکی ئەمریکی کە بە جلوبەرگی سڤیل لەگەڵ چەند سەربازێکی دیکە هاتبوونە بازاڕەکە.
هێرشکارەکان دوای ئەوەی دەستگیریان کرد، دروشمی دژ بە ئەمریکا و ئیسرائیل بە دەنگێکی بەرز دەڵێنەوە و یەکێکیان کیسێکی کردە سەری سەربازەکە و چەند کەسێکی ئەندامی هەمان گرووپ بۆ سووکایەتیکردن بە سەربازەکە، ڤیدیۆیان تۆمارکرد و لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاویانکردەوە.
سەربازێکی دیکەی ئەمریکی ئەویش بۆ ئەوەی بە هانای هاوڕێیەکەی بچێت و رزگاری بکات، ئەویش لەلایەن هەمان گرووپەوە دەستگیرکرا. ژمارەیەک سەربازی دیکەی ئەمریکی کە ئەوانیش بە جلوبەرگی سڤیل بوون، سووکایەتی و بێڕێزی زۆریان پێکرا.
بەگوێرەی زانیارییەکانی میدیای تورکیا، نۆ سەربازی ئەمریکی بە جلوبەرگی سڤیل لەناو بازاڕەکەدا دەگەڕان و سەرجەمیان لە کەشتی جەنگیی USS Waspـی ئەمریکی بوون کە لە بەندەرەکانی ئیزمیر لەنگەری گرتووە و یەکێکە لەو کەشتییانەی ئامادەی جەنگە لە ئەگەری هێرشکردنە سەر ئیسرائیل و بەرگرتن لە هەر جۆرە هێرشێکی ئێران بۆ سەر تەلئەڤیڤ.
دوای بڵاوبوونەوەی گرتەڤیدیۆکان، پارێزگای ئیزمیر راگەیێندراوێکی لە تۆڕی ئێکس بڵاوکردەوە و رایگەیاند، 15 ئەندامی یەکێتیی لاوانی تورکیا بەهۆی سووکایەتی و بێڕێزکردن بە سەربازانی ئەمریکی کە لە پشوودا هاتبوونە بازاڕێکی ئیزمیر، دەستگیرکران. بە بڕیاری دادوەریش رەوانی گرتووخانە کران و لێکۆڵینەوەی تایبەتیان لەگەڵدا دەکرێت و سزا دەدرێن.
دوای ئەم راگەیێندراوە، باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە ئەنقەرە هاتە سەر هێڵ و لە تۆڕی ئێکس پەیامێکی بڵاوکردەوە و هەواڵی "ئازاردان و هێرشکردن و سووکایەتییکردن" بە سەربازانی ئەرکداری کەشتی جەنگیی USS Wasp پشتڕاستکردەوە.
باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە ئەنقەرە سوپاسی هێزە ئەمنییەکان و لایەنە پەیوەندیدارەکانی ئیزمیر کرد بەهۆی بەهاناوەچوونیان و رزگارکردنی سەربازەکان لەژێر دەستی گرووپەکە و ئاماژەیان بەوەکرد کە چاویان لە ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان و بڕیاری دادگەیە.