حەوت کەس لەسەر کوشتنی گەنجەکەی دهۆک لە تورکیا دەستگیرکران

02-09-2024
هێمن عەساف
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

میدیای تورکیا لەسەر زاری بەرپرسانی وڵاتەکەوە دەڵێت، حەوت کەس لەسەر کەیسی کوشتنی حەکیم لوقمان، ئەو گەنجەی دهۆک کە لە ئیستەنبووڵ کوژرا، دەستگیرکراون. 
 
بەرپرسانی وڵاتەکە دەڵێن: "بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی ئیستەنبووڵ لەسەر کەیسی کوشتنی حەکیم لوقمان، ئۆپەراسیۆنێکیان لە ناوچەی فاتیح کردووە. تاوەکو ئێستا حەوت تۆمەتبار دەستگیرکراون." 
 
باس لەوەشکراوە، یەکێک لە تۆمەتبارەکان کە گومان دەکرێت بکوژەکە بێت، ناوی "خەیرەدین ئۆ."یە و تۆمەتبارێکی دیکەش بەناوی "ئوغور یو." کە پاسەوانی خوادنگەکە بووە و لەدوای کوشتنی حەکیم لوقمان هەڵاتبوو، لەنێو دەستگیرکراوەکاندان. 
 
سەرۆکایەتیی داواکاری گشتیی ئیستەنبووڵ، تا کۆتاییهاتنی لێکۆڵینەوەکان و درێژەدان بە رێکارە ئەمنییەکان، بڕیاریداوە دۆسیەکە بە نهێنی رایی بکرێت. جەختی لەسەر ئەوەش کردووە ئەنجامەکان بۆ رای گشتیی ئاشکرا دەکات. 
 
شەوی 31ـی ئاب، حەکیم لوقمان لە دوبەیەوە لەگەڵ ئامۆزا و هاوڕێیەکی چووەتە ئیستەنبووڵ. دوو کاژێر دوای گەیشتنی، لە خواردنگەیەکی ئەکسەرای 12 کەس هێرشیان کردە سەری و بەر چەقۆ درا.
 
ئەمڕۆش، تەرمی حەکیم لوقمان لەلایەن کەسوکارەکانییەوە لە دەروازەی سنووریی ئیبراهیم خەلیلەوە گەڕێندرایەوە هەرێمی کوردستان.
 
بە گوتەی ئەوانەی لەگەڵی بوون، هۆکاری هێرشکردنە سەر حەکیم ئەوە بووە کە بە زمانی کوردی بە تەلەفۆن قسەی لەگەڵ هاوڕێیەکی کردووە.
 
جەودەت یڵماز، یاریدەدەری سەرۆککۆماری تورکیا، لە هەژماری خۆی لە تۆڕی ئێکس لەسەر ئەم پرسە پەیامێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند: "لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە رووداوەکە هیچ پەیوەندییەکی بە قسەکردن بە زمانی کوردییەوە نەبووە، بەڵکو لە ئەنجامی گفتوگۆی جیاوازەوە بووە. ئەوانەی تاوانبارن بێگومان لە پرۆسەی دادوەریدا یەکلایی دەکرێنەوە و سزا دەدرێن".
 
ئەوەشی خستەڕوو کە "بەگوێرەی زانیارییەکان، تۆمەتباری کوشتنی ئەو کەسەی لە رووداوە دڵتەزێنەکەی ئیستەنبووڵ گیانی لەدەستداوە، هاووڵاتییەکی خەڵکی باتمانە". 
 
بەڵام کەسوکارەکانی پێداگرن لەوەی حەکیم لوقمان بەهۆی زمانی کوردییەوە کوژراوە. کەسوکاریشی داوا دەکەن خوێنی بەفیڕۆ نەچێت.
 
ناوەندی بەرەنگاربوونەوەی زانیاری نادروست کە سەر بە فەرمانگەی پەیوەندییەکانی سەرۆکایەتی کۆماری تورکیایە رەتیدەکاتەوە ئەو هاونیشتمانییە بەهۆی قسەکردن بە زمانی کوردی کوژرابێت و دەڵێت، ئامانج لەو بانگەشانە هاندانی خەڵکە بۆ رق و دوژمنایەتی.
 
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، ئەو تۆمەتانەی باس لەوە دەکەن کە گوایە ئەو بازرگانەی خەڵکی دهۆک بەهۆی ئەوەی بە کوردی قسەی کردووە کوژراوە، راست نین. شەڕەکە بە هۆکارێکی دیکە سەریهەڵداوە".
 
بە گوێرەی راگەیێندراوەکە، لە ئەنجامی لێکۆڵینەوە دەرکەوتووە، ئەو سێ گەشتیارە لە شوێنێكی مەیخواردنەوە دانیشتوون و لەگەڵ دوو برا کە خەڵکی باتمان (ئێلیهـ)ـی باکووری کوردستانن، لەسەر 'سەیرکردنی ژنان' بووە بەشەڕیان. 
 
پاسەوانی شوێنەکە لە سێ گەشتیارەکەی داوە و کردوونییەتە دەرەوە و حەکیمیش لەلایەن یەکێك لەو دوو برایە بە چەقۆ لێی دراوە و دوو شوێنی جەستەی بریندارکردووە. حەکیم لە شوێنی رووداوەکە گیانیلەدەستداوە و دوو براکە و پاسەوانەکە هەڵاتوون.
 
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە