تورکیا رەتیدەکاتەوە حەکیم لوقمان بەهۆی قسەکردن بە زمانی کوردی کوژرابێت

رووداو دیجیتاڵ

ناوەندی بەرەنگاربوونەوەی زانیاریی نادروست کە سەر بە فەرمانگەی پەیوەندییەکانی سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیایە، رەتیدەکاتەوە هاونیشتمانییەکەی خەڵکی هەرێمی کوردستان بەهۆی قسەکردن بە زمانی کوردی کوژرابێت و دەڵێت، ئامانج لەو بانگەشانە، هاندانی خەڵکە بۆ رق و دوژمنایەتی.
 
ناوەندەکە راگەیێندراوێکی بڵاوکردووەتەوە و تێیدا هاتووە، ئەو تۆمەتانەی باس لەوە دەکەن گوایە ئەو هاونیشتمانییەی خەڵکی هەرێمی کوردستان بەهۆی ئەوەی "بە کوردی قسەی کردووە، کوژراوە، راست نین و شەڕەکە بە هۆکارێکی دیکە سەریهەڵداوە." 
 
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، "لە ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان، دەرکەوتووە، ئەو سێ گەشتیارە لە ناوچەی فاتح لە شوێنێكی مەیخواردنەوە دانیشتوون و لەگەڵ دوو برا کە خەڵکی باتمان (ـی باکووری کوردستانن) لەسەر سەیرکردنی ژنان بە لاچاو بووەتە شەڕیان." 
 
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، پاسەوانی شوێنەکە لە سێ گەشتیارەکەی داوە و کردوونییەتە دەرەوە، دواتر کە حەکیم لە هۆتێلەکە چووەتە دەرەوە لەلایەن یەکێك لەو دوو برایەوە بە چەقۆ لێی دراوە و دوو شوێنی جەستەی بریندارکراوە. 
 
ناوەندی بەرەنگاربوونەوەی زانیاریی نادروست لە فەرمانگەی پەیوەندییەکانی سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا دەڵێت، حەکیم "لە شوێنی رووداوەکە گیانی لەدەستداوە و دوو براکە و پاسەوانەکەش هەڵاتوون."  
 
حەکیم، شەوی 31ـی ئاب لە دوبەیەوە لەگەڵ ئامۆزا و برایەکی چووبووە ئیستەنبووڵ. دوو کاژێر دوای گەیشتنی هێرشی کراوەتە سەر و کوژراوە. 
 
بەگوتەی سەعد گۆران، ئامۆزای کوژراوەکە هۆکاری هێرشکردنە سەر حەکیم ئەوە بووە بە زمانی کوردی بە تەلەفۆن قسەی لەگەڵ هاوڕێیەکی کردووە.
 
تاوەکو ئێستا تاوانبار دەستبەسەرنەکراوە و کەسوکاری داوا دەکەن مافی ون نەبێت.