پارێزەرێک لەبارەی هێشتنەوەی مەقبوولە ئۆزەری 80 ساڵان لە زیندان: کارێکی نامرۆڤانەیە


رووداو دیجیتاڵ 

پارێزەرێک لەبارەی دۆخی مەقبوولە ئۆزەر، ئەو ژنە کوردە 80 ساڵییەی لە گرتووخانەدایە و بەهۆی ئەوەی زمانی تورکی نازانێت وەرگێڕی بۆ دابین ناکەن، رایدەگەیێنێ، هێشتنەوەی ئەو ژنە لە زیندان کارێکی نامرۆڤانەیە.
 
جەمیل چیچەک، کە پارێزەرە و دانیشتووی ئەنقەرەی پایتەختی تورکیایە بە رووداوی راگەیاند، مەقبوولە ئۆزەر ژنێکی تەمەن 80 ساڵە، کە بۆی هەیە بە داپیرەی زۆربەمان بشێ، بە تۆمەتی هاوکاری کردنی پەکەکە خراوەتە ژوورەوە. لەکاتێکدا زۆر نەخۆشە و نەخۆشییەکەشی قورسە، بەڵام ئازاد ناکرێت.
 
چیچەک لەمبارەیەوە گوتی: "جەنەراڵ چەڤیک بیر تاوانبارە بە ئەنجامدانی کودەتا، چەند هەفتەی رابردوو بەهۆی نەخۆشییەوە ئازادکرا. لەکاتێکدا ئەو جەنەراڵە سەربازییە کودەتاچی بووە، کەچی مەقبوولە ئۆزەر سزای زیندانیی دوو ساڵ و مانگێکی بەسەردا سەپێنراوە."
 
ئەو پارێزەرە بە پێویستی دەزانێت هەمووان لە تۆڕی کۆمەڵایەتیدا دەنگ هەڵبڕن و داکۆکی لە مافەکانی مەقبوولە ئۆزەر بکەن.
 
 
جەمیل چیچەک هەروەها ئاماژەی بە بڕگەی دووەمی بەڵێننامەی مافی مرۆڤی ئەوروپا کرد و گوتی، ئەو بڕگەیە باس لە مافی ژیان دەکات و دادوەر بۆی نییە ژنێکی تەمەن 80 ساڵیی نەخۆش زیندانی بکات، چونکە ئەمە پێشێلکردنی دادگەی مافی مرۆڤی ئەوروپا و دادگەی دەستووریی تورکیایە. 
 
ئەو پارێزەرە هەروەها باس لەوە دەکات، کاتێک تویتی لەسەر دۆزی مەقبوولە ئۆزەر کردووە، زۆر کەس لێیان پرسیوە؛ تۆ دەزانیت لەسەر چی گیراوە؟ لەمبارەیەوە چیچەک گوتی: "ئەمە هیچ گرنگییەکی نییە کە لەسەر چی گیراوە، ئێمە باس لە زیندانیکردنی مرۆڤێکی تەمەن 80 ساڵ دەکەین."