لە تورکیا یاسای سەگی بێلانە خرایە واری جێبەجێکردنەوە

دوێنێ کاژێر 05:06
هەوار ئیسماعیل
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

یاسای سەگی بێلانە کە لە پەرلەمانی تورکیا بە دەنگی پەرلەمانتارانی ئاکپارتی و مەهەپە پەسند کرا، خرایە واری جێبەجێکردنەوە.
 
یاساکە ئەمڕۆ هەینی 2ی ئاب لە رۆژنامەی فەرمیی ئەو وڵاتە بڵاوکرایەوە و لە ئەمڕۆ بەدواوە کاری پێدەکرێت.
 
دوای مشتومڕێکی زۆر لە پەرلەمان، پڕۆژەیاساکە کە نەزۆککردنی سەگی بێلانەی کرد بە یاسا، بە 275 دەنگی "بەڵێ" لە بەرامبەر 224 دەنگی "نەخێر" پەسند کرا.
 
حکومەت مەزەندە دەکات نزیکەی چوار ملیۆن سەگی بێلانە لە شەقام و گوندەکاندا هەبن. بەپێی یاساکە شارەوانییەکان پێویستە تاوەکو ساڵی 2028 شوێنی داڵدەدانی سەگەکان دروست بکەن یان بارودۆخی ئەوانەی ئێستا باشتر بکەن. ئەو سەرۆک شارەوانیانەی بەرپرسیارێتی خۆیان جێبەجێ نەکەن، بە شەش مانگ تاوەکو دوو ساڵ بەندکردن سزا دەدرێن.
 
بەپێی یاساکە، سزای پێبژاردنی ئەوانەی واز لە ئاژەڵە ماڵییەکان دەهێنن لە 60 دۆلارەوە بۆ هەزار و 800 دۆلار زیاد دەکرێت. خاوەن سەگ و پشیلە دەبێت ئاژەڵەکانیان تۆمار بکەن و تاوەکو 31ی کانوونی دووەمی 2025 ناسنامەیان بۆ دەربهێنن.
 
ئەو یاسایە کە لە 30ی تەممووزی 2024 پەسند کرا، ئەمڕۆ هەینی 2ی ئاب لە رۆژنامەی فەرمیدا بڵاوکرایەوە و کەوتە بواری جێبەجێکردنەوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە