بەهۆی هێرشکردنە سەر سوورییەکان 474 کەس لە تورکیا و باکووری کوردستان دەستگیر کران

02-07-2024
هەوار ئیسماعیل
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

وەزیری ناوخۆی تورکیا رایگەیاند، بەهۆی ئەو هێرشانەی شەوی رابردوو لە چەند پارێزگایەکدا کرانە سەر پەنابەرانی سووری، 474 کەسیان دەستگیر کردووە.
 
عەلی یەرلیکایا، وەزیری ناوخۆی تورکیا رۆژی سێشەممە 2ی تەممووز، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسی، "474 کەس دەستبەسەر کراون، ئەوەش دوای ئەوەی بە بەکارهێنانی رێگەی نایاسایی، کردەوەی ئاژاوەگێڕییان [دژە کۆچبەران] کرد."
 
دوای رووداوەکەی قەیسەری و ناڕەزایەتییەکان دژی هێزەکانی تورکیا لە باکووری سووریا، لە چەند پارێزگایەکی تورکیا و باکووری کوردستان هێرش کرایە سەر هاووڵاتییانی سووریا.
 
ئێوارەی رۆژی دووشەممە لە شارۆچکەکانی "رەیحانڵی" و "کرکهان" سەر بە پارێزگای هاتای، ئادانا، قەیسەری و بورسای تورکیا و شارۆچکەی "کانیا خەزالان" لە رووها، دیلۆک و کیلیس-ی باکووری کوردستان، هێرش کرایە سەر هاووڵاتییانی سووریا. لە دیلۆکی باکووری کوردستان گەنجێکی سووریایی کە لە کارەکەی دەگەڕایەوە بۆ ماڵەوە درایە بەر چەقۆ و بریندار کرا.
 
هێرشەکان ئێوارەی دوێنێ دەستیانپێکرد و تاوەکو درەنگی شەو بەردەوام بوون. لە شارۆچکەی "رەیحانڵی" سەر بە هاتای، لە بازاڕی چوارشەممە هێرش کرایە سەر دووکانەکانی هاووڵاتییانی سووریا. خاوەن دووکانەکان دەرگای دووکانەکانیان داخست و گەڕانەوە ماڵەکانیان.
 
کاژێر 21:00 لە هەمان شارۆچکە، گرووپێک کە ئاڵای تورکیایان بەدەستەوە بوو، لەبەردەم هۆڵی شار کۆبوونەوە و دروشمی "ئێمە پەنابەرمان ناوێت"یان گوتەوە. هێزە ئەمنییەکان لە شارۆچکەکەدا رێوشوێنە ئەمنییەکانیان زیاد کرد و زۆربەی رێگەکانیان داخست.
 
لە شارۆچکەی "سەیهان" لە ئادانا، کۆمەڵێک ماتۆڕسوار ئاڵای تورکیایان هەڵگرتبوو، هەوڵیاندا بچنە ناو گەڕەکەکانی "کۆجاوەزیر" و "میرزاچەلەبی،" کە ژمارەیەکی زۆر لە خەڵکی سووری تێیدا نیشتەجێن. هێزەکانی پۆلیس رێگەیان نەدا گرووپەکە بچنە نێو ئەو گەڕەکانە؛ گرووپەکە دروشمی "سووریاییمان ناوێت"یان بەرزکردەوە.
 
لە پارێزگای دیلۆک، گرووپێک بە گوتنەوەی گۆرانیی نەژارپەراستانە لە دژی پەنابەرانی سووری، رێپێوانیان کرد. لە شارۆچکەی "کانیا خەزالان" لە رووهاش هێرشیان کردە سەر دووکانەکانی هاووڵاتییانی سووریا.
 
لە شارۆچکەی "ئەلپارماک" لە بورسا، گرووپێک دروشمیان دژی پەنابەرانی سووری بەرزکردەوە و رێپێوانیان کرد. دووکاندارانی سووری لە شارۆچکەکەدا، دووکانەکانیان نەکردەوە و لە ماڵەکانیان دەرنەچوون.
 
لە چەند شارۆچکەیەکی کایسەری، هێرشکرایە سەر ماڵ و دووکانەکانی هاووڵاتیانی سووریا و زۆربەی دوکان و ئۆتۆمبێلی پەنابەرانی سووریایان سووتاند و ماڵەکانیان ئاگر تێبەردا. پۆلیس بە گازی فرمێسکڕێژی بەکارهێنا و خەڵکێکی زۆری دەستگیرکرد. رێوشوێنە ئەمنییەکان لەو پارێزگایەدا زیاد کران.
 
لە شاری کیلیس، کۆمەڵێک نەژارپەرست بە ماتۆڕسکیلەوە بە گوتنەوەی دروشمی رەگەزپەرستانە دژی پەنابەرانی سووری چوونە ناو شارەکەوە. بە بەرد هێرشیانکردە سەر ماڵی هاووڵاتیانی سووریا و لە هاووڵاتییەکی گەنجی سوورییان دا.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە