رووداو دیجیتاڵ
بەهۆی وەرگەڕانی پاسێکی گەشتیارییەوە لە پارێزگای ئەسکیشەهیر لە باکووری رۆژئاوای تورکیا، 41 کەس بریندار بوون. رووداوەکە لەسەر رێگەی سەرەکیی نێوان ئەسکیشەهیر-کوتاهیا روویدا.
بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی ئەسکیشەهیر، هۆکاری وەرگەڕانی پاسە گەشتیارییەکەی بۆ تیژڕۆیی و پابەندنەبوون بە یاساکانی سەلامەتیی هاتووچۆ گەڕاندەوە، ئاماژەی بەوەشکرد، شوفێرەکە بەهۆی تیژڕۆییەوە کۆنترۆڵی پاسەکەی لەدەستداوە.
بەگوێرەی زانیارییەکانی بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستیی پارێزگای ئەسکیشەهیر، 11 کەس لە بریندارەکان برینیان سەختە و لە بەشی چاودێریی چڕی نەخۆشخانە چارەسەر وەردەگرن.
بەهۆی پشووی جەژنی قوربانەوە، رێگەوبانەکان لە تورکیا و باکووری کوردستان قەرەباڵخییەکی زۆریان تێدایە و ئەوەش هۆکار بووە بۆ ئەوەی ژمارەیەکی زۆر رووداوی هاتووچۆ رووبدەن.
حکومەتی تورکیا نۆ رۆژ پشووی جەژنی قوربانی راگەیاند، کە لە 24ـی حوزەیران دەستیپێکرد و رۆژی 3ـی تەممووز (سبەی) کۆتاییدێت.
بەگوێرەی ئامارە فەرمییەکان، ساڵی 2022 لە باکووری کوردستان و تورکیا 485 هەزار و 48 رووداوی هاتووچۆ روویانداوە، بەهۆیانەوە دوو هەزار و 282 کەس گیانیان لەدەستداوە و 291 هەزار و 151 کەسی دیکەش بریندار بوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ