دەنگدانی دووبارە لە حەوت شارەوانیی باکووری کوردستان و تورکیا کۆتاییهات
رووداو دیجیتاڵ
دووبارەکردنەوەی هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی باکووری کوردستان و تورکیا، کۆتاییهات و ئەنجامی نافەرمیی چەند شوێنێک بڵاوکرایەوە.
دووبارەکردنەوەی هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی باکووری کوردستان و تورکیا، لە کاژێر هەشتی بەیانیی یەکشەممە، 2-6-2024 دەستیپێکرد و کاژێر 05:00ـی ئێوارە کۆتاییهات.
پرۆسەی دووبارەکردنەوەی هەڵبژاردن لە سێ شارۆچکە و چوار ناحیە بەڕێوەچوو.
بەگوێرەی ئەنجامە سەرەتاییەکان، لە شارۆچکەی جورنی رەشی سەر بە پارێزگای رووها، پارتی یەکسانی و دیموکراسی (دەم پارتی) لەپێشەوەیە. لە کۆی 32 سندووق دەم پارتی 3 هەزار و 675 دەنگی هەیە و ئاکپارتیش هەزار و 962 دەنگی هەیە.
لە هەڵبژاردنی ناحیەی بویوک کارشتران لە پارێزگای کڕڵارەلی، پارتی چەپی دیموکراسی (دەسەپە) 2 هەزار و 59 دەنگ، پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) 2 هەزار و 57 دەنگی بەدەستهێناوە.
لە هەڵبژاردنەکەدا 58 هەزار و 259 دەنگدەر لە 312 سندووقی جیاواز مافی دەنگدانیان هەبوو.
ئەو هەڵبژاردنە لە شارەوانییەکانی جورنێ رەشی رووها، پنارباشی قەیسەری، گوزەلیورت و ساغلکی ئاکسارای، یڵدز ئەلی سێواز، لولە بورگازی کرکلارئەلی و مێزگری دێرسیم بەڕێوەچوو.
دووبارەکردنەوەی هەڵبژاردن لەو حەوت ناوچەیە بەهۆی تانەی لایەنەکان بووە لە ئەنجامی هەڵبژاردنەکە.
لەو حەوت ناوچەیەی هەڵبژاردن دووبارە دەکرێتەوە، هەریەک لە ئی پارتی، پارتی یەکێتیی مەزن، سەرلەنوێ رەفاهـ، زافەر، پارتی سەربەخۆی تورکیا، جەهەپە، پارتی رێگەی میللی، مەهەپە، دەڤا، پارتی سەعادەت، ئاکپارتی، دەم پارتی، هوداپار، پارتی دیموکرات و پارتی دیموکراتی چەپ، رکابەری لەسەر بەدەستهێنانی سەرۆکشارەوانییەکانی ئەو ناوچانە دەکەن.
لە هەڵبژاردنی 31-03-2024 ئەنجامی هەڵبژاردن لەو 7 ناوچەیە بەو شێوەیە بوو:
جورنێ رەشی رووها – دەم پارتی 6,960 دەنگ – ئاکپارتی 6,439 – سەرلەنوێ پارتی رەفا 3,935
پنارباشی قەیسەری – جەهەپە 5,082 – مەهەپە 4,758
گوزەلیورتی ئاکسارای – ئی پارتی 549 – ئاکپارتی 548 – مەهەپە 537
ساغلکی ئاکسارایی – مەهەپە 763 – ئاکپارتی 762
یڵدز ئەلی سێواز – مەهەپە 333 – سەرلەنوێ پارتی رەفا 158 – ئاکپارتی 149
لولە بورگازی کرکلارئەلی – پارتی چەپ تورکیا 2,059 – جەهەپە 2,057
مێزگری دێرسیم – جەهەپە 471 – ئاکپارتی – 467 – دەم پارتی 274 دەنگ