ڤیدیۆ.. رووخانی باڵەخانەیەکی چوار نهۆمی لە ئیستەنبووڵ؛ قوربانی هەیە
رووداو دیجیتاڵ
لە ئیستەنبووڵ باڵەخانەیەک رووخا، تەرمی کەسێک لەژێر داروپەردووەکاندا دەرهێندرا و حەوت کەسی دیکەش رزگار کران. پرۆسەی گەڕان و دۆزینەوە بەردەوامە.
کاژێر 08:45 خولەکی بەیانی ئەمڕۆ (یەکشەممە، 2ـی حوزەیرانی 2024)، لە گەڕەکی کارتالتەپە سەر بە ناوچەی کوچوک چەکمەجە لە ئیستەنبووڵ، باڵەخانەیەکی چوار نهۆمی رووخا.
هەرچەندە هۆکاری رووخانی باڵەخانەکە نەزانراوە، بەڵام ژمارەیەکی زۆری ئەمبیوڵانس روویانکردە شوێنی رووداوەکە. تیمەکانی دەزگای ئافاد دەستیانکردووە بە پرۆسەی دۆزینەوە و رزگارکردن.
#VİDEO- İstanbul-Küçükçekmece'de binanın çökme anı ortaya çıktı pic.twitter.com/BbEGKjqmHI
— Rudaw Türkçe (@RudawTurkce) June 2, 2024
داود گول، پارێزگاری ئیستەنبووڵ نوێترین زانیاریی لەبارەی پرۆسەی گەڕان و دۆزینەوەی ئەو کەسانەی لەژێر داروپەردووەکاندا بڵاوکردەوە و رایگەیاند، نازانرێت چەند کەس کەوتوونەتە ژێر باڵەخانەکە، بەڵام تیمەکانی ئافاد تەرمی کەسێکیان دەرهێناوە و حەوت کەسیش رزگار کران، دووانیان برینەکانیان سەختە و گوێزراونەتەوە بۆ نزیکترین نەخۆشخانە.
پارێزگاری ئیستەنبووڵ، باسی لەوەشکرد، باڵەخانەکە لە ساڵی 1988ـەوە دروستکراوە. تەواوی شوقەکانی بۆ نووسینگەی بازرگانی بەکارهاتوون.
لەگەڵ رووخانی باڵەخانەکە، زیان بە دەیان ئۆتۆمبێل کەوتووە کە لەنزیک باڵەخانەکەدا پارکیان کردبوو.