پەرلەمانتارێکی دەم پارتی: دیاربەکریان لە لیستی ناوچەی بوومەلەرزە دەرهێناوە
رووداو دیجیتاڵ
پەرلەمانتاری دەم پارتی رایگەیاند حکومەتی تورکیا پارێزگای ئامەدی لە لیستی ناوچەی بوومەلەرزە دەرهێناوە. ئەمە لەکاتێکدایە ئامەد یەکێک لەو 11 پارێزگایە بوو لە بوومەلەرزەکەی 6-2-2023 زیانی بەرکەوت.
سەرهات ئەرەن، پەرلەمانتاری دەم پارتی رۆژی شەممە، 1-6-2024 لە پەرلەمانی تورکیا گوتاری پێشکێشکرد و رەخنەی تووندی لە حکومەت گرت، گوتی "ئێستا شارەکەمان لە لیستی شارەکانی بوومەلەرزە دەرهێندراوە. لەبەر ئەمەشە سوودی سەر ئەو قەرزەی کاسبکارانمان رایانکێشاوە، زیاد بوو. باشە چاوپۆشیکردن و نەبینینی خەم، زیان و سەختییەکانی خەڵکی دیاربەکر چ تێگەیشتنێکە لە دادپەروەری؟"
بە گوتەی ئەو پەرلەمانتارە، بەهۆی بوومەلەرزەکەی 6ـی شوبات، لە ئامەد دوو هەزار و 82 شوێنی کار رووخان. 411 کەس گیانیان لەدەستدا. زیانی گەورە بە 3 هەزار و 252 باڵەخانە کەوت، هەزار و 828 باڵەخانە زیانی مامناوەند و، زیاتر لە 30 هەزار باڵەخانە زیانی کەمیان بەرکەوت.
ئەو پەرلەمانتارەی دەم پارتی دەڵێت، ناکرێت شارێک ئەو هەموو زیانەی بەرکەوێت و لە لیستەکەدا دەریبهێنن.
داوای لە حکومەت کرد دووبارە ئامەد وەکو شارێکی زیانبەرکەوتووی بوومەلەرزە بناسێندرێت و بخرێتەوە لیستەکە.
رۆژی 6ی شوباتی 2023، دوو بوومەلەرزە بەگوڕەکانی 7.6 و 7.7 پلەی رێختەر، کە چەقەکەیان مەرەشی باکووری کوردستان بوو، 11 پارێزگای تورکیا و باکووری کوردستانیان هەژاند.
بەگوێرەی ئاماری دەزگای ئافاد بەهۆی هەردوو بوومەلەرزەکە زیاتر لە 50 هەزار کەس گیانیان لەدەستدا.