رووداو دیجیتاڵ
سەرۆککۆماری تورکیا دەڵێت، بەر لە هاتنی جەژنی قوربان سەردانی سەرۆکی جەهەپە دەکاتەوە. دەشڵێت، "سیاسەتێکی نەرم" پەیڕەو دەکەن.
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا لە کۆبوونەوەی راوێژکاریی پارتەکەیدا رۆژی شەممە 1-6-2024 لە ئەنقەرە رایگەیاند، پێش جەژنی قوربان سەردانی ئۆزگور ئۆزەل، سەرۆکی پارتی کۆماری گەل (جەهەپە) دەکات.
ئەردۆغان گوتی "دوای هەڵبژاردنەکەی 31ـی ئادار، سەرۆکی جەهەپە بەڕێز ئۆزگور ئۆزەل لە بارەگای سەرەکیی ئاکپارتی سەردانی کردین. پەنا بەخوا بێ ئەوەی زۆری بەسەردا بچێت، پێش جەژنی قوربان منیش سەردانی گەڕانەوە دەکەم."
ئەردۆغان هەروەها سەبارەت بەو ئاساییبوونەوەیەی لە تورکیادا رۆژەڤە، گوتی "دوای سەردانەکەی بەڕێز ئۆزەل، باسم لەوە کرد ئارەزووی نەرمبوونێکی سیاسی دەکەین و هەوڵی بونیاتنانی دەدەین. ئەگەر لایەنێکی ئەو نەرمبوونە دەسەڵات بێت، لایەنەکەی دیکەی ئۆپۆزیسیۆنە. ئێمە لەم بابەتەدا زۆر ئاسوودەین و متمانەمان بەخۆمان هەیە."
ئەردۆغان جەختیکردەوە لەوەی ئاکپارتی هەرگیز لەگەڵ دوو جەمسەری و دووبەرەکیدا نییە. هەروەها بە گرنگی زانی ئۆپۆزیسیۆنیش لە "سیاسەتی دژایەتیکردنی دەسەڵات" بەخۆیدا بچێتەوە و گوتی "بێگومان ئێمە وەک ئاکپارتی و هاوپەیمانمان پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی (مەهەپە) هێڵی سوورمان هەیە. بە هەمان شێوە دەشزانین کە جەهەپە و پارتەکانی دیکەی ئۆپۆزیسیۆنیش خاڵی سووریان هەیە. سیاسەتیش لە چوارچێوە و هێڵی دیاریکراودا دەکرێت. ئێمە لە ژێر ناوی نەرمبوونەوە سازش لەسەر شووناس، پرەنسیپ، هەڵوێست، هەستیارییەکانمان و هێڵە سوورەکانمان ناکەین."
رۆژی 2ـی ئایاری 2024 ئۆزگور ئۆزەل، سەرۆکی جەهەپە سەردانی بارەگانی ئاکپارتی لە ئەنقەرە کرد و لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆکی ئاکپارتی و سەرۆککۆماری تورکیا کۆبووەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ