ئەردۆغان: جەهەپە بووەتە لانەی ئەو کەسانەی سووکایەتی بە ئەتاتورک دەکەن

02-05-2023
کۆسار عوسمان @KassoOsman
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

سەرۆککۆماری تورکیا کە هاوکات بەربژێری هاوپەیمانیی جمهوورە بۆ پۆستی سەرۆککۆماری وڵاتەکە، رۆژی سێشەممە دوو کۆبوونەوەی جەماوەریی لە پارێزگاکانی ئەنتاڵیا و کۆنیای تورکیا سازکرد و گوتاری پێشکێشکرد. ئەردۆغان رایگەیاند، "جەهەپە بووەتە لانەی ئەو کەسانەی سووکایەتی بە ئەتاتورک دەکەن."
 
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا لە کۆبوونەوە جەماوەرییەکەی پارێزگای ئەنتاڵیا دا رەخنەی تووندی لە هاوپەیمانیی میلـلەت و کەمال کڵچدارئۆغڵو گرت و گوتی: "کێشەی ئەمانە ئەوەیە دەیانەوێ تورکیا بە سیاسەت، ئابووری، بەرگری و دیپلۆماسییەکەیەوە بەرەو هەڵدێرێک ببەن و لە زۆنگاوێکدا گیری بکەن کە نەتوانێت لانیکەم نیو سەدە بەهۆش خۆی بێتەوە، بەڵام ناتوانن سەرکەوتوو بن. ئەوان دەیانەوێت وڵات بکەنە گۆڕەپانی شمشێربازیی رێکخراوە تیرۆریستییەکان کە جڵەویان بەدەست داگیرکەرانەوەیە".
 
ئەردۆغان باسی لەوەش کرد، بەرلەوەی دەسەڵات بگرنە دەست، ژمارەی ئەو یەکە نیشتەجێبوونانەی حکومەت دروستی کردبوون 40 هەزار بوو، بەڵام ئێستا ژمارەی ئەو یەکانە گەیشتووەتە یەک ملیۆن و 300 هەزار و رایگەیاند: "لەگەڵ پڕۆژە نوێیەکانی نیشتەجێبوون، ئێمە کێشەی زیادبوونی کرێ چارەسەر دەکەین".
 
سەبارەت بە سیاسەتەکانی کەمال کڵچدارئۆغڵو و هاوپەیمانانی، ئەردۆغان باسی لەوە کرد، جەهەپە کە لەلایەن مستەفا کەمال ئەتاتورک دامەزراوە، لە بنەماکانی دوورکەوتووەتەوە و گوتی: "بای بای کەمال، جەهەپەی گەیاندە ئاستێک کە بووەتە لانەی ئەو کەسانەی سووکایەتی بە دامەزرێنەری پارتەکە و کۆماری تورکیا و ئاتاتورک دەکەن".
 
کڵچدارئۆغڵو: دەبێ لە تورکیا هەمووان شانازی بە ناسنامەیانەوە بکەن
 
کەمال کڵچدارئۆغڵو، سەرۆکی گشتیی پارتی گەلی کۆماری -جەهەپە کە هاوکات بەربژێری هاوپەیمانیی میلـلەتە بۆ پۆستی سەرۆکایەتیی تورکیا، لە دوو کۆبوونەوەی جەماوەری لە پارێزگاکانی ئاگری و وانی باکووری کوردستاندا گوتاری پێشکێشکرد. 
 
کڵچدارئۆغڵو رەخنەی لە حکومەت گرت بەوەی ماوەی 21 ساڵە نەیانتوانیوە گرفتەکانی پارێزگای ئاگری چارەسەر بکات. سەبارەت بە ئەگەری سەرکەوتنی لە هەڵبژاردندا گوتی: ''بێ ئەوەی هیچ جیاکارییەک بکەم لەنێوانتاندا کار دەکەم. دەبمە سەرۆککۆماری 85 ملیۆن کەس، خزمەتی 85 ملیۆن کەس دەکەم. هیچ جیاکاریییەک ناکرێت. رێز لە بیروباوەڕ و ناسنامەی هەموو کەسێک دەگرین. بەڵێن دەدەم دەبێ لە تورکیا هەمووان شانازی بە ناسنامەیانەوە بکەن".
 
کڵچدارئۆغڵو داوای لە خەڵکی ئاگری کرد دەنگی پێبدەن و رایگەیاند: ''دەزانم ئاگری لە کوێوە گەیشتووە بە کوێ، بێکاری و کێشەی بەرچاو هەیە. بۆچی ئێمە گۆڕانکارییەک دەخوازین".
 
کەمال کڵچدارئۆغڵو کە پێشتر لە رووهای باکووری کوردستانەوە بەڵینی دابوو کارەبا بە خۆڕایی بە جووتیاران بدات، لە ئاگری بەڵێنەکەی دووپاتکردەوە و بە جووتیارانی راگەیاند، ئاگاداری ئەوەیە کێشەی کارەبا لە ناوچەکەدا هەیە. 
 
سینان ئۆغان: نایەڵین پەنابەران لە تورکیا بمێننەوە
 
سینان ئۆغان، بەربژێری هاوپەیمانیی ئاتا بۆ پۆستی سەرۆککۆماری تورکیا بە یاوەریی ئومیت ئۆزداغ، سەرۆکی پارتی زافەر لە پارێزگای ئیزمیر کاسبکارانی بەسەرکردەوە و قسەی بۆ رۆژنامەڤانان کرد. سینان ئۆغان رووی دەمی لە ناوەندەکانی راپرسی کرد و رایگەیاند، ناوەندەکانی راپرسی بڕۆنە ئیزمیر و سەیری ئەو قەرەباڵخییە بکەن، ئینجا راپرسییەکانیان دووبارە بکەنەوە.
 
بەربژێرەکەی هاوپەیمانیی ئاتا هەروەها رایگەیاند، ئاکپارتی بەردەوام رێنمایی بە پارێزگاران دەدات و چالاکییەکانی بانگەشە بۆ هاوپەیمانییەکەیان سنووردار دەکات. لەکاتێکدا هاوپەیمانیی ئاتا بە هەموو شێوەیەک مانەوەی پەنابەران و کۆچبەران لە تورکیا رەتدەکاتەوە، سینان ئۆغان رایگەیاند، مەبەستیان لە بیانییەکان گەشتیاران نییە، بەڵکو ئەوانەیە کە لە تورکیا دەمێننەوە. 
 
ئومیت ئۆزداغ: ریگەنادەین تورکیا لە نێوان هەدەپە و هوداپار قەتیس بێت
 
ئومیت ئۆزداغ، سەرۆکی پارتی زافەر باسی لەوە کرد کە هاوپەیمانیی جمهوور، هوداپاری خستووەتە پاڵ خۆی و هاوپەیمانیی میللەتیش هەدەپە. هەروەها گوتی: "هاوپەیمانیی ئاتا بەوپەڕی خێراییەوە لە بەرزبوونەوەدایە. ئێمە رێگەنادەین تورکیا لەنێوان هوداپار و هەدەپە قەتیس بێت. رێگەش نادەین تورکیا لەو دەستوورە داببڕێت کە ئەتاتورک ساڵی 1924 نووسیویەتی و خراوەتە واری جێبەجیکردنەوە. رێگەش نادەین پەنابەران لە تورکیا بمێننەوە. هەر بۆیەش گەلی تورک باوەشی بە هاوپەیمانیی ئاتا و بەربژێرەکەی سینان ئۆغاندا کردووە و ئێستاش پەلکێشی دەسەڵاتی دەکات".
 
ئومیت ئۆزداغ سەبارەت بە دەنگی پەنابەران رایگەیاند، بە هیچ شێوەیەک داوای دەنگیان لێ ناکات و لەگەڵ ئەوەشدا نییە کە ئەو پەنابەرانە مافی دەنگدانیان پێ بدرێت. جەختیشیکردەوە کە زۆربەیان بە نایاسایی وڵاتینامەیان پێدراوە و لە ئەگەری چوونە دەسەڵاتیاندا تەواوی ئەو وڵاتینامانە هەڵدەوەشێننەوە. 
 
موحەڕەم ئینجە: دەسەڵات و ئۆپۆزیسیۆن بەڕێدەکەین
 
موحەڕەم ئینجە، بەربژێری پارتی مەملەکەت بۆ پۆستی سەرۆککۆماریی تورکیا، رۆژی سێشەممە چەند پارێزگایەکی لە باکووری رۆژئاوای تورکیا بەسەرکردەوە و لە چەند شوێنێکدا گوتاری پێشکێشکرد. ئینجە لە پارێزگای تەکیرداغ رووی دەمی کردە پارتەکەی پێشووی کە جەهەپەیە و گوتی: "ئەو برایانەم کە دەنگ بە جەهەپە دەدەن. ئیدی ئەو پارتەی ئەتاتورک نەماوە کە ئێوە دەتانبینی. پارتی ئەتاتورک لێرەیە پارتی مەملەکەتە".
 
ئینجە رەخنەی تووندی لە کەمال کڵچدارئۆغڵو گرت و رایگەیاند، بە مەرجی پێدانی پۆستی یاریدەدەری سەرۆککۆمار بە پێنج سەرۆکی پارتەکانی هاوپەیمانی، رازی کردوون لەسەر ئەوەی بیکەنە بەربژێری پۆستی سەرۆککۆمار. 
 
موحەڕەم ئینجە هەروەها رایگەیاند، پارتی مەملەکەت دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆنیش بە دەست بەتاڵی دەنێرێتەوە و خۆی دەسەڵاتی تورکیا وەردەگرێت.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە