رووداو دیجیتاڵ
بەگوێرەی ئەنجامی راپرسییەکی ناوەندی لێکۆڵینەوەی سۆسیۆپۆڵەتیک کە رۆژی 1ـی ئایار ئەنجامەکەی بڵاوکردووەتەوە، لە هەڵبژاردنەکانی تورکیادا ئاکپارتی پێشەنگی پارتەکان دەبێت و کەمال کڵچدارئۆغڵو، بەربژێری هاوپەیمانیی میللەتیش پۆستی سەرۆککۆماری دەباتەوە.
ناوەندی لێکۆڵینەوە و راپرسیی سۆسیۆپۆڵەتیک لە رۆژانی 24-28ی نیسانی 2023 لە پارێزگاکانی ئیستەنبووڵ، ئیزمیر، ئەنقەرە، ئامەد، وان، ئەنتالیا، رووها، کۆجائەلی، ئەدیرنە، مێردین، دیلۆک، باڵکئەسیر، قەرس، شرناخ، ئێلیهـ، مووش، ئەدەنە، کۆنیا و سامسون راپرسییەکی تایبەت بە هەڵبژاردنی لەگەڵ هەزار و 569 کەس بە شێوەی رووبەڕوو کردووە.
ناوەندەکە لە بەشداربووانی راپرسییەکەی پرسیوە، لەم هەڵبژاردنەدا دەنگ بە کام بەربژێری سەرۆککۆمار و کام پارتی سیاسی دەدەی؟ بەگوێرەی ئەنجامەکانی ئەو راپرسییە، ئاکپارتی 30.5٪، جەهەپە 27.1٪، هەدەپە/یەسەپە 11٪، ئیی پارتی 10.7٪، مەهەپە 5.8٪ـی دەنگەکان دەبەنەوە. هاوکات 3.6٪ـی بەشداربووان هێشتا دوودڵن.
هەروەها لە هەڵبژاردنی سەرۆککۆماردا 47.9٪ـی بەشداربووان دەنگیان بە کەمال کڵچدارئۆغڵو، بەربژێری هاوپەیمانیی میللەت داوە. رێژەی 40.9٪ش دەنگیان بە رەجەب تەیب ئەردۆغان، بەربژێری هاوپەیمانیی جمهوور داوە. هەروەها 2.8٪ دەنگیان بە موحەڕەم ئینجە، بەربژێری پارتی مەملەکەت داوە و 1.1٪یش دەنگیان بە سینان ئۆغان، بەربژێری هاوپەیمانیی ئاتا داوە.
هەر بەگوێرەی ئەو راپرسییە، 66.6٪ـی بەشداربووان پێیانوایە گەورەترین کێشەی تورکیا بێکاری و ئابوورییە. هەروەها 9.1٪ پێیانوایە سیستمی حوکمڕانییە. 5.4٪ پێیانوایە نەبوونی دیموکراسی گەورەترین کێشەیە و 1.1٪ی بەشداربووانیش پرسی کورد بە گەورەترین کێشەی تورکیا دەزانن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ