رووداو دیجیتاڵ
لە باڵەخانەیەکی 16 نهۆمی لە گەڕەکی گایرەت تەپەی ناوچەی شیشلی لە ئیستەنبووڵ ئاگر کەوتەوە و تا ئێستا مردنی 27 کەس راگەیێندراوە.
ئاگرەکە کاژێر 1ی دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ سێشەممە 2-4-2024 کەوتەوە.
ئەکرەم ئیمامئۆغڵو، سەرۆکی گەورەشارەوانیی ئیستەنبووڵ دوای کاژێر 15:00 چووە شوێنی رووداوەکە و رایگەیاند، تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە توانیویانە ئاگرەکە بکوژێننەوە و ئێستاش کارەکانی تایبەت بە ساردکردنەوەی باڵەخانەکە و رێوشوێنەکانی دیکە بەردەوامن.
ئیمامئۆغڵو گوتی، "تاوەکو ئێستا زانیاری لەو جۆرە نییە کە خەڵکی دیکە لە ژوورەوە بن. تیمەکانمان بەردەوامن لە گەڕان و پشکنین لە باڵەخانەکەدا. تەواوی لایەنی پەیوەندیدار لێرەن و هیوادارین ژمارەی گیانلەدەستدان زیاتر نەبێت".
بەگوێرەی زانیارییە سەرەتاییەکان، تاوەکو (کاژێر 16:40) 27 کەس گیانیان لەدەستداوە و کەسێکی دیکەش بریندارە و لە نەخۆشخانەیە.
نهۆمەکانی یەکەم و دووەمی باڵەخانەکە یانەی شەوانە بووە، بەڵام بەهۆی مانگی رەمەزانەوە داخراو بووە.
بەگوێرەی زانیارییەکان، کاری نۆژەنکردنەوەی تێدا کراوە و ژمارەیەکی زۆر کرێکار لەوێدا کاریان کردووە.
شایەتحاڵان دەڵێن سەرەتا دەنگی تەقینەوەیەک بیستراوە و دواتریش ئاگر کەوتووەتەوە.
هۆکاری کەوتنەوەی ئاگرەکە هێشتا رانەگەیێندراوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ